دوای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا لە كۆتایی 2019 و تەشەنەكردنی لە سەرانسەری دنیادا، كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەك كەوتە ژێر كاریگەری ئەو پەتایە، منداڵانیش بەهۆی رێوشوێنەكانی داخستن لێی بێبەری نەبوون، توێژینەوەیەك ئاشكرای دەكات، ئەو داخستنە بووە هۆی زیادبوونی شێوانی دەروونی منداڵان.
ئەگەر حاڵەتەكە چارەسەر نەكرێت، كاریگەری درێژخایەنی دەبێت
رێكخراوی
"منداڵان رزگار بكەن"، كە رێكخراوێكی فریاگوزاری نێودەوڵەتییە، رای گەیاند لەسەر بنەمای زانیاریەكانی زانكۆی ئۆكسفۆرد لەبارەی پەتای كۆرۆناوە، كە لە داتای دۆخی 13 هەزار منداڵ لە 46 دەوڵەت وەرگیراوە، دەركەوتووە ئەو داخستنەی بەهۆی كۆرۆناوە پێڕەو كرا، بووە هۆی زیادبوونی حاڵەتەكانی خەمۆكی و ترس و هەستكردن بە تەنیایی تا گەیشتن بە خۆئازاردان لە نێوان منداڵاندا.
بەپێی داتاكان 83%ی منداڵان باسی ئەوەیان كرد كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا هەستی نەرێنی ئەوان زیادی كردووە و 96%یان گوتیان كە دوای داخستنی قوتابخانەكان بۆ ماوەی 17 هەفتە، ئەو هەستەیان زۆر زیادی كرد، ماری دال، سەرۆكی بەشی تەندروستی دەروونی لە رێكخراوەكە گوتی، رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا گرنگە، بەڵام دابڕانی كۆمەڵایەتی رارایی و خەمۆكی لای منداڵ دروست دەكات، بۆیە ئەگەر چارەسەر نەكرێت، بە لابردنی كۆتەكانیش كاریگەری درێژخایەنی دەمێنێت.
شارەزایان رێنوێنی دەدەن بەوەی منداڵ لە ماڵەوە راهێنانی وەرزی پێ بكرێت یان لە شوێنی كراوە و دوورخستنەوەیان لە دابڕانی كۆمەڵایەتی لە هاوڕێكانیان و لە حاڵەتی زیادبوونی كاریگەرییەكانی دابڕانەكەیش، پێویستە سەردانی پزیشك و ئارەزایانی دەروونی و كۆمەڵایەتی بكرێت.