رووداوێكی دەستدرێژیی سێكسی لە میسر و بەتایبەت لەناو هونەرمەندانی ئەو وڵاتە، زۆرترین قسەوباسی لەسەر دەكرێ كە هونەرمەندێك لە وۆركشۆپی تایبەتی خۆی لە بواری نواندن، دەستدرێژیی كردووەتە سەر حەوت ژن، بۆیە رووبەڕووی دادگا بووەتەوە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 11ی تشرینی یەكەم هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، شادی خەڵەف كە ئەكتەرێكی ناوداری میسرییە، لەلایەن ژمارەیەك كچ و ژنەوە كە لە وۆرشۆپێكی ئەودا بەشدارییان كردووە، لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە باسیان لەوە كردووە كە لە وۆركشۆپەكە لەلایەن شادییەوە دەستدرێژیی سێكسییان كراوەتەسەر، بۆیە داواكاری گشتی دۆسیەكەی جووڵاندووە.
لەلایەكی تریشەوە جیا لە دادگا، سەندیكای ئەكتەرانی میسریش رای گەیاندووە، ئێستە خەریكی لێكۆڵینەوەیە لەگەڵ ئەو هونەرمەندە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی كراونەتەوە. ئەوەیش بەپێی میدیاكانی میسر.
پێگەكە ئەوەشی بڵاو كردووەتەوە كە ئەو كچ و ژنانەی لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەو سكاڵایانەیان ئاشكرا كردووە، حەوت كەسن و ئاماژەیان بە چۆنێتیی دەستدرێژكردنەكەیش كردووە. هەندێكیان گوتوویانە دەستدرێژكردنەكە بە قسەكردن بووە، هەندێكی تریشیان ئاماژەیان داوە كە دەستی بۆ بردوون.
بەڵام شادی خەڵەف دەڵێ ئەو تۆمەتانەی باس دەكرێن و رووبەڕووی دەكرێنەوە، راستییان تێیدا نییە، ئەوەشی لە لێكۆڵینەوەی دادگادا گوتووە.
شادی نەبیل خەڵەف كە ئەكتەرێكی ناوداری میسرە، لەدایكبووی 1977، دەكاتە كوڕی شاعیری ناودار نەبیل خەڵەف كە ماوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی میسردا بەرپرسیاریەتیی گەورەی هەبووە. هاوكات شادی لە زیاتر لە 20 فیلمی سینەماییدا بەشداریی كردووە و بە یەكێك لە هونەرمەندە گەنجە ناودارەكانی سینەمای عەرەبی هەژمار دەكرێت.