دژە تیرۆری كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەهیچ شێوەیەك پەنا مەبەنە بەر تەقەكردن و شادییەكانی خۆتان بەشێوەیەكی شارستانییانە دەرببڕن.
ئەمڕۆ دووشەم 11ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی دژە تیرۆری كوردستاندا هاتووە، هاونیشتمانیانی خۆشەویست، لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەی عێراق، بە مەبەستی دەربڕینی خۆشی و شادییەكانتان بە هیچ شێوەیەك پەنا مەبەنە بەر تەقەكردن.
ڕوون كراوەتەوە، تەقەكردن وێڕای ئەوەی دیاردەیەكی ناشارستانی و نەخوازراوە، هاوكات دەبێتە هۆی دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان و رووداوی كارەساتبار بەدوای خۆیدا دێنێت.
باس لەوەش كراوە، داواكارین وەك چۆن لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا پابەند بوون بە رێنوێنییەكانەوە، بە هەمانشێوە پابەند بن بە رێكارە تەناهییەكانیشەوە.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەی دژە تیرۆردا هاتووە، هیوادارین هەمیشە لە خۆشی و شادیدابن، بەڵام بۆ دەربڕینی دڵشادییەكانتان تەنیا شێوازی شارستانییانە بگرنەبەر، بە هیچ شێوەیەك پەنا مەبەنە بەر تەقەی خۆشی، سەلامەتی و پاراستنی ژیانی ئێوە ئەركی سەرشانی ئێمەیە.
ئەو ڕاگەیەنراوەی دژە تیرۆر لە كاتێكدایە، بڕیارە سەعات چواری دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامی بەرایی حزبەكان بڵاو بكاتەوە.