له‌نده‌ن..گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج له‌ جیهان

:: PM:11:10:11/10/2021 ‌
ماڵپه‌ڕی میدل ئێست ئای به‌ریتانی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و هه‌ڵاتن له‌ باجدان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌نده‌ن بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌ نهێنی و شاراوه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌و شاره‌ن، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و كارانه‌یش له‌ سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیاوه‌ و به‌ر له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان بوونی هه‌یه‌ و تا ئێسته‌یش درێژه‌ی پێ ده‌درێ و كۆتایی نه‌هاتووه‌.

به‌ریتانیا به‌ر له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و ئێسته‌یش هه‌میشه‌ خۆی وه‌ك نوایه‌كی ئارام و گونجاو بۆ وه‌به‌رهێنان و هه‌ڵگرتنی پاره‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بێ ئاشكراكردنی ناوی خاوه‌نه‌كانیان پێشان داوه‌، ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ كه‌ زۆرینه‌ی به‌رپرس و سه‌رمایه‌دارانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست متمانه‌ی ته‌واویان به‌ له‌نده‌نه‌وه‌ هه‌بێ، چونكه‌ مێژوویه‌كی دێرینی له‌و كاره‌ هه‌یه‌ و هیچ كاتیش ئه‌وانه‌ی پاره‌ سپی ده‌كه‌نه‌وه‌، یان له‌ باج ڕاده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن له‌نده‌نه‌وه‌ ئاشكرا نه‌كراون و به‌ نهێنی مامه‌ڵه‌كان ماوه‌ته‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆر و زه‌به‌لاح ساڵانه‌ ده‌ڕژێته‌ نێو بازاڕی دراوی به‌ریتانیاوه‌، كه‌ سوودی زۆری بۆ ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌.

دوای هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، له‌نده‌ن به‌ ته‌واوی ده‌ست و قاچی له‌ یاساكانی ئه‌وروپا ڕزگاری بووه‌ و به‌ ئازادانه‌ ده‌توانێ مامه‌ڵه‌ بكات، بۆیه‌ به‌ریتانییه‌كان ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێك كردووه‌ و وڵاته‌كه‌یان به‌ ده‌وڵه‌تێكی مه‌زن و جێی متمانه‌ ناو ده‌به‌ن و به‌رده‌وامیشن له‌ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی سه‌رمایه‌دارن له‌ ته‌واوی جیهان، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌كانیان بۆ له‌نده‌ن بگوێزنه‌وه‌، یان له‌ به‌ریتانیا وه‌به‌رهێنانی پێ بكه‌ن.

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆ به‌ریتانیا كارێكی ئاسان نابێت، كه‌ سه‌رمایه‌داری ڕاست ڕوو له‌ وڵاته‌كه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ناوبانگی له‌نده‌ن له‌ هه‌موو جیهان ئاشكرایه‌ كه‌ بووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و ئه‌نجامدانی گه‌وره‌ترین ده‌سته‌واره‌ی نهێنی ئاڵوگۆڕ به‌ دراوی قورس له‌ جیهان. به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ له‌و كاره‌ سه‌ركه‌وتوو بن، چونكه‌ مێژووی مامه‌ڵه‌ی له‌نده‌ن به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ بواری ده‌سته‌واره‌ دارایی و زه‌به‌لاحه‌كان زۆر كۆنتره‌ له‌وه‌ی كه‌ ئێسته‌ وه‌ك ئه‌وه‌ سه‌یری بكرێ، كه‌ هیچ تێیدا ڕووینه‌داوه‌.

له‌ ساڵی 1876 ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌وكاتی به‌ریتانیا بڕیارێكی ده‌ركرد، كه‌ باج له‌سه‌ر هیچ كۆمپانیایه‌ك ناسه‌پێنرێت، كه‌ بیانی بێ و ڕوو له‌ به‌ریتانیا بكات، ته‌نیا ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ كۆمپانیاكه‌ی لێ دامه‌زراوه‌، ده‌توانێ باج و سه‌رانه‌ی لێ وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ له‌ ڕووكه‌شدا زیان بوو بۆ به‌ریتانیا، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا گه‌وره‌ترین قازانجی به‌و وڵاته‌ گه‌یاند، چونكه‌ زۆرترین كۆمپانیاكانی جیهان ڕوویان له‌ له‌نده‌ن كرد، باجیان به‌ حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ و به‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی خۆیشیان نه‌ده‌دا، كه‌ ئه‌مه‌یش قازانجی زۆری بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كردن، به‌ڵام له‌و نێوه‌نده‌دا ئابووری به‌ریتانیا زۆر زه‌به‌لاحتر و به‌هێزتر ده‌بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بوو به‌ خاوه‌نی زه‌به‌لاحترین یه‌ده‌گی دراوی قورس، به‌مشێوه‌یه‌ش هه‌موو ته‌نگژه‌ و گرفتێك نه‌یده‌توانی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئابوورییه‌كه‌ی دروست بكات.

تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تر كه‌ به‌ریتانیا به‌ سه‌رمایه‌دارانی به‌خشی، بریتییه‌ له‌ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی خاوه‌نداری هه‌ژماره‌ بانكییه‌كان به‌ نهێنی، ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ی دا كه‌ به‌ هه‌ژماره‌كان له‌ تۆماره‌ فه‌رمییه‌كان به‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه‌یش نه‌بن، بگره‌ به‌ ناوی خوازراوه‌وه‌ ده‌ربكه‌ون و له‌ ڕاستیش دا هیچ كه‌سانی تر بن.

ریچیل ئیتار فۆیا گه‌وره‌ توێژه‌ر له‌ تۆڕی دادپه‌روه‌ری له‌ باجدان له‌ به‌ریتانیا له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێ، سندووقه‌كانی ده‌سته‌به‌ر و دڵنیایی كه‌ مێژووی بڕیاری دروستكردنیان بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وایكردووه‌ كه‌ پاره‌ و سامانی زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی به‌ریتانیا بوون، سه‌رمایه‌دارانی بۆ له‌نده‌نی بگوێزنه‌وه‌.

ئه‌مانه‌ وایكرد كه‌ سه‌ره‌ڕای پاشه‌كشه‌ی به‌ریتانیا له‌سه‌ر ئاستی جیهان و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له‌نده‌ن وه‌ك گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی بازاڕ و بۆرسه‌ی دراوی ئه‌لیكترۆنی له‌ جیهان مایه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ لێشاو پاره‌ی زه‌به‌لاحی له‌ وڵاتانه‌وه‌ بۆ ڕه‌وانه‌ ده‌كرا، به‌ ناوی كه‌سانێكه‌وه‌ پاره‌كان ده‌خرانه‌ بانكه‌كانه‌وه‌ و خاوه‌نه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یان ده‌شاردرایه‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی جار ئه‌و كه‌سه‌ پاره‌كانی له‌ ڕێی گه‌نده‌ڵی و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌وه‌ ده‌سكه‌وتبوو و له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌یبرده‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ به‌ریتانیایش باجی نه‌ده‌دا، گوایه‌ له‌ وڵاته‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ی باج ده‌دات، كه‌چی له‌وێش خۆی له‌ باج ده‌دۆزییه‌وه‌ و به‌رده‌وام كاری به‌ سامانه‌كه‌ی ده‌كرد.

بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی ته‌واوه‌تی له‌ده‌ست نه‌چێت، له‌نده‌ن تۆڕێكی فره‌وان و جاڵجاڵۆكه‌یی له‌گه‌ڵ دوورگه‌ی كه‌یمان و جێرسی دروست كرد، كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ دووه‌م ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیا هه‌ژمار ده‌كرێت، ئیتر زۆرینه‌ی كاره‌ نایاسایی و ناشه‌رعییه‌كان له‌و دوورگه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، كاتێك پاره‌كان سپیكرانه‌وه‌ و خرانه‌وه‌ بانكه‌وه‌، ئیتر ته‌حویلی بانكه‌كانی له‌نده‌ن ده‌كرێن، تا به‌ریتانیا له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ قازانجی گه‌وره‌ له‌م كاره‌ بكات.

پێشتر ڕاپۆرتێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ 2020 دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ له‌نده‌ن بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی خۆ دزینه‌وه‌ له‌ باج و ساڵانه‌ به‌ ڕێژه‌ی 49%ی ئه‌و باجه‌ی  كه‌ پێویسته‌ له‌ جیهان كۆ بكرێته‌وه‌، بوونی نابێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی داراییه‌كانی له‌ له‌نده‌ن حه‌شاردراوه‌ و خۆیان له‌ باج دزیوه‌ته‌وه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێ وه‌ك تاوانبارێك سه‌یر بكرێن و ئه‌و قازانجه‌ زه‌به‌لاحه‌ی له‌و كاره‌یش ده‌ستیان ده‌كه‌وێ له‌ ده‌ستی بده‌ن.

ئه‌گه‌رچی ئه‌و پێوه‌ستبوونه‌ی وڵاتان جاران به‌ له‌نده‌ن به‌هۆی داگیركردنیانه‌وه‌ بوو له‌لایه‌ن به‌ریتانیا، به‌ڵام ئێسته‌ هه‌ریه‌ك له‌ هۆنگ كۆنگ و سه‌نگاپوور، ئیماڕاتی عه‌ره‌بی، ئێرله‌ندا، قوبڕس و چه‌ندان وڵاتی تر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاتی سه‌ربه‌خۆ و ددانپێدانراون به‌شێكیان، كه‌چی به‌رده‌وام پاره‌كانیان ده‌گوێزنه‌وه‌ بۆ له‌نده‌ن و هیچ متمانه‌یان به‌ دۆخی ناوخۆی وڵاته‌كانیان نییه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د