ئیبراهیم رەئیسی نەیوێرا گەشتی ئەوروپا بكات

:: AM:11:07:12/10/2021 ‌
پێشتر بڕیار بوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران، لە كۆبوونەوەی لووتكەی ژینگە كە لە سكۆتلەند بەڕێوە دەچێت، بەشداری بكات، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی رای گەیاند رەئیسی بەشداری ناكات.

سەعید خەتیبزادە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران بەشداری لە كۆبوونەوەی لووتكەی ژینگە ناكات. 

پێ دەچێت هۆكارەكە بۆ ئەو گوشارە بگەڕێتەوە كە چالاكانی سیاسی و مەدەنی لە ئەوروپا دەستیان پێ كردووە


پاساوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوە بووە ئێران لەو كۆنفرانسەدا ئەندام نییە، بەڵام پێ دەچێت هۆكارەكە بۆ ئەو گوشارە بگەڕێتەوە كە چالاكانی سیاسی و مەدەنی لە ئەوروپا دەستیان پێ كردووە، داوای گرتنی سەرۆك كۆماری ئێران دەكەن.

چالاكانی سڤیل داوایان لە پۆلیسی سكۆتلەند كردووە، ئەگەر ئیبراهیم رەئیسی بیەوێت سەردانی ئەو وڵاتە بكات، خێرا دەستبەسەر بكرێت، چونكە رەئیسی تۆمەتبارە بە كوشتنی گیراوانی سیاسی و تاوانی جەنگ.

بڕیارە 26مین كۆبوونەوەی گۆڕانكاری كەشوهەوا لە كۆتایی ئەم مانگە لە شاری گلاسكۆی سكۆتلەند بەڕێوە بچێت. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران حەزی دەكرد وەك یەكەم گەشتی دەرەكی دوای بوونی بە سەرۆك كۆمار، لەو كۆنفرانسەی سكۆتلەند بەشداری بكات.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی باسی لەوە كردووە، ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانیان، داواكارییەكیان بە فەرمی پێشكەش بە پۆلیسی ئەو وڵاتە كردووە و گوتوویانە، هەر كاتێك رەئیسی گەیشتە سكۆتلەند بگیرێت.

رەئیسی تۆمەتبارە بە كوشتنی هەزاران گیراوی سیاسی لە ساڵی 1988 و بە ئەندامێكی كارای دەستەی مەرگ ناسراوە و راستەوخۆ دەستی لە كوشتنی گیراوان هەبووە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، سەرۆك كۆماری ئێران ئەوكات دادوەر بووە و خۆیشی حاشا لەوە ناكات رۆڵی هەبووە لە سێدارەدانی گیراوانی سیاسی. ستران ستیڤنسن سیاسەتمەداری پارێزگاریخواز و نوێنەری پێشووی سكۆتلەند لە پەرلەمانی ئەوروپا، گوتوویەتی داخوازی خەڵك بە فەرمی پێشكەشی پۆلیسی سكۆتلەند كراوە.

داوای لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنی رەئیسییان كردووە.


پێشتریش كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و جاڤید رەحمان ریپۆرتەری تایبەتیی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنی رەئیسییان كردووە.

ئاگۆستۆ پینۆشێ دیكتاتۆری پێشووی چیلی لە ساڵی 1998، هەر لە چوارچێوەی ئەم داواكارییە گیرا. هەر ئێستە حەمید نووری لە سوید دادگایی دەكرێت كە یەكێكی ترە لە تۆمەتبارانی كوشتارەكەی ساڵی 1988. هێشتا دیار نییە ئیبراهیم رەئیسی دەوێرێ بەشداری ئەم كۆبوونەوەیە بكات.



وشە - سلێمان تاشان