چەند نەریتێكی گەلانی دنیا

:: PM:05:15:12/10/2021 ‌

كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە چەندان گەل و نەتەوە و تایفە و ئاین و مەزەو و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیای جیاوازەوە پێك هاتووە، هەریەك لەوانە خاوەنی نەریتی تایبەت بە خۆیانن، لەوانە نوێ و هەشیانە كۆنە و وەك كولتوور لە باوانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، لە خوارەوە هەندێك نەریتی گەلانی دنیایە، لەوانە بولگاریا و ژاپۆن و بەرازیل.

لە نەریتەكانی گەلی بولگاریا، كە هەندێكیان چیرۆكیان لە پشتەوەیە و هەیشیانە تایبەت نییە بە تەواوی ئەو گەل و وڵاتە، بەڵام لەوێ هەیە:

*ئەگەر كەسێك سەرسام بێت بە ستایلی سەرتراشینەكەت، شەقێك لە پشتی ملت دەدات، بەتایبەتی لە پیاوان.

*ئەگەر كەسێك پێڵاوێكی نوێ لەپێ بكات، بەرانبەرەكەت وەك پیرۆزبایی بەسەری دەكەوێت. 

*لەكاتی ترس لە شتێكەوە تف دەكەنە ناو كراسەكەیانەوە، یان ئەگەر سەرسامی منداڵێكی تازە لەدایك بوو بن، وا خۆیان پێشان دەدەن تف دەكەنە دەموچاوییەوە، بۆ دوورخستنەوەی چانسی خراپ لێی.

*ئەگەر كەسێك بەشێك لە كراسەكەت بە بەرتەوە ببات، بەشێك لە چانسیشت دەبات. بۆیە ئەگەر كراسی نوێ بپۆشرێت، دەبێ لەبەر بكرێتەوە ئینجا چاك بكرێت. 

*پەت یان شریتی سوور لە مەچەك لە رۆحە شەڕخوازەكان دەتپارێزێت، بۆیە زۆرینەی منداڵە تازە لەدایكبووەكان ئەو شریتەیان لە مەچەكدا هەیە.

*دانیشتن لەسەر لێواری مێز واتە ئەو كەسە تا لە ژیاندایە هاوسەرگیری ناكات.

*لە بولگاریا جووڵەی راست و چەپی سەر مانای "نا" ناگەیەنێت، بەڵكو واتای "بەڵێ"یە، لەوكاتەی جوڵەی رەزامەندی سەر كە لە زۆرینەی دنیا بە "بەڵێ"، حسێب دەكرێت، لای ئەوان نەخێرە.

هەرچی گەلی ژاپۆنە، چەند نەریتێكی تایبەت بەخۆیان هەیە لەوانە:

*دانی بەخشیش واتە شەرمەزاركردن، واتە كەسێك بەخشیش بداتە كرێكارێك بە شەرمەزاركردنی تێ دەگات.

*بەهۆی جەنجاڵی میترۆكانی تۆكیۆ، كۆمپانیاكانی هیڵی ئاسنین چەند كەسانێكیان دامەزراندووە وەك یاریدەری تەناهی بۆ پاڵنانانی خەڵكەكە و شوێنكردنەوەیان لەناو میترۆكان و دوورخستنەوەیان لە دەرگەی شەمەنەفەرەكان.

*لە زۆرینەی وڵاتان ژمارە 13 شوومە و خەڵك خۆی لێی بەدوور دەگرێت، لە ژاپۆن خۆیان لە ژمارە چوار بەدوور دەگرن، چونكە شێوەی نووسینەكەی هاوشێوەی وشەی "مردنە" بە زمانی ژاپۆنی، بۆیە شوومە. ژمارە 49یش خراپترین ژمارەیە لای ئەوان چونكە بە زمانی ژاپۆتی هاوشێوەی نووسینی دەستەواژەی "ئازار تا مردن"ە.

*خواردن لەكاتی رۆیشتندا نەریتێكی قێزەوەنە، بەڵام ئایس كرێم نا.

*دەركردنی دەنگ لەكاتی خواردن و جوینی بنێشت، وێنەیەكی خراپ بەو كەسە دەدات، تەنیا خواردنی ماكەرۆنە نەبێت. 

*فیستیڤاڵەكی ساڵانە هەیە لە تۆكیۆ بەناوی "شۆكاتسۆ"، واتە ئامادەبوون بۆ كۆتاییەكەی، كە خەڵكەكە بە ئامادەسازی بۆ مردن بە شێوەیەكی دروست ئاشنا دەكرێت. 
هێمای "OK"، بەدەست لە بەرازیل جوێنێكی زۆر خراپە و پێویستە لێ دوور بكەویتەوە
لە بەرازیل چەندان نەریتی تر هەیە تایبەتە بەو وڵاتە، لەوانە:

*لە بەرازیل ئەو كەسەی پەلەیەتی بەدبەختە، چونكە لەوێ پابەندی بە وادە كاتییەكان شتێكی زۆر سەیرە، واتە شتێكی سەیرە لە كاتی دیاریكراودا بگەیتە شوێنەكە و وەك ئەوە وایە بێ داوەتكردن چووبیتە ئاهەنگەكە.

*لە بەرازیل رۆژانە برنج و فاسۆڵیا دەخورێت و تەنانەت لە رۆژێكدا دوو ژەم دەیخۆن، نیوەڕۆ و ئێوارە، چونكە ئامادەكردنی ئاسانە.

*بەرازیلییەكان فڵچە و هەویری ددان بۆ هەموو شوێنێك دەبەن و دوای هەر ژەمێك ددانیان دەشۆن.

* سەگیان لە پشیلە خۆشتر دەوێت و 58%یان سەگیان لە ماڵەوە هەیە، بەرانبەر بە 28% كە پشیلەیان هەیە، سەگەكانیش وەك ئەندامێكی خێزان سەیر دەكرێن و جلوبەرگ و گۆرەوی تایبەتیان هەیە و هەندێكیان گوارەی زێڕیان لە گوێیە.

*بەرازیلییەكان حەز بە رایەخ ناكەن بەهۆی زەحمەتی خاوێنكردنەوەی.

*لە زۆرینەی شەقامەكانی بەرازیل خەڵكانێك هەن بێ بەرانبەر ئاگەداری ئۆتۆمبێلەكەت دەبن و لای دەوەستن تا دێیتەوە، بەڵام وا باشترە بڕێك پارەیان پێ بدەیت.

*ژنانی بەرازیل لە بری تراشینی مووی دەست و قاچیان، بە بۆیەكی سپی رەنگی دەكەن. ئەوان گرنگی زۆر بە جوانی نینۆكەكانیان دەدەن و هەفتەی جارێك لە سالۆن بریقەدار و رەنگاوڕەنگی دەكەن.

*زۆرینەی ژنانی بەرازیل رەنگی قژیان زەرد دەكەن، كە لە رەنگی خۆرەوە نزیكە و هێمایە بۆ بەرزی و جوانی و جیاوازی.

* پێنج رۆژ پێش رۆژی هەڵبژاردن و دوو رۆژیش دوای ئەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە كەس ناگرن، تەنیا بەهۆی كوشتن یان مادەی هۆشبەر یان ئازاردان یان وەستان دژی دەوڵەت نەبێت، ئەوەیش نەوەك لەلایەن حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە سوودی لێ ببینرێت بۆ بانگەشە.

*دروستكردنی هێمای "OK"، بەدەست لە بەرازیل جوێنێكی زۆر خراپە و پێویستە لێ دوور بكەویتەوە و ماناكەی وەك بەرزكردنەوەی پەنجەی ناوەڕاستە لە ئەمەریكا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل