له ماوه‌ی ڕابردوو به‌هۆی په‌شیمانبوونه‌وه ئوسترالیا له كڕینی ژێرده‌ریایی ئه‌تۆمی له فڕه‌نسا بووه ته‌نگژه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رنجی هه‌مووانی به‌لای خۆیدا ڕ‌اكێشا، جیهان كه‌متر زانیاری له‌باره‌ی هاوپه‌یمانی ئۆكۆس پێگه‌یشت، كه له نێوان هه‌ریه‌ك له ئوسترالیا و به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا پێكهێنرا، هاوپه‌یمانی ئۆكۆس چییه و بۆچی زلهێزه‌كانی نه‌یاری وڵاتانی ڕۆژئاوا تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ كردووه.
هاوپه‌یمانی "
AUKUS" ناوی هه‌ر سێ وڵاته‌كه‌یه، كه ئه‌ی مه‌به‌ست له ئوسترالیا و ی‌و كه‌ی مه‌به‌ست له شانشینه یه‌كگرتووه‌كانی به‌ریتانیا و ی‌و ئێس مه‌به‌ست له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه، ئامانجی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی نێوان هه‌ر سێ وڵاته ئینگلیز زمانه‌كه بریتییه له ململانێ و كێبه‌ركێكردنی چین و ڕووسیا له زه‌ریاكان به گشتی و زه‌ریای هێمن و هیندی به تایبه‌تی. بۆیه زیاتر وه‌ك هاوپه‌یمانییه‌كی هێزی ده‌ریایی له نێوان هه‌ر سێ وڵات سه‌یری ده‌كرێت.
لایه‌نێكی تری ڕێككه‌وتنی هه‌ر سێ وڵات له پێكهێنانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه بریتییه له گرنگیدان و په‌ره‌پێدانی زیاتر به هاوپه‌یمانی پێنج چاوه‌كه بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگری كه مه‌به‌ستیش له هاوپه‌یمانی پێنج چاوه‌كه بریتییه له وڵاتانی "ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئوسترالیا و كه‌نه‌دا و نیوزلاند" كه چه‌ندان ساڵه بوونی هه‌یه و پێشكه‌وتووترین ته‌كنه‌لۆجیای هه‌واڵگری و سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له هه‌ر ئامانجێكی سه‌ر گۆی زه‌وی له‌لایه‌ن ئه‌و هاوپه‌یمانیه پێنج قۆڵییه‌ی هه‌واڵگری به‌كارده‌هێنرێت.
له ڕاستیدا ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ڕاگه‌یاندنی هاوپه‌یمانی ئۆكۆس به دوو ڕووداوی جیاواز له یه‌كتر هه‌ژمار ناكرێن و بگره به زنجیره‌یه‌كی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراو لێك ده‌درێنه‌وه، به‌ریتانیا له ئه‌وروپا چووه ده‌ره‌وه و له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری ئینگلیز زمان ده‌ستی به هاوپه‌یمانی و به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی كردووه، كه ئه‌مه‌یش به مانای ئه‌وه دێ، كه هاوپه‌یمانییه‌كی گه‌وره له نێوان وڵاتانی ئینگلیز زمان بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموون به‌سه‌ر جیهان به‌ڕێوه‌یه و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئه‌و وڵاتانه پێوه‌ندییان له بواری سه‌ربازی و هه‌واڵگری و ئابووری و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی تره‌وه فره‌وانتر و به‌هێزتر ده‌بێت.
جۆ بایدنی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش به به‌رده‌وامی به‌ڵێنی داوه كه زۆرترین گرنگی به هاوپه‌یمانه كۆنه‌كانی واشنتن ده‌دا، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی و ئه‌نجامدانی كێبه‌ركێ و ململانێی ستراتیجی له‌گه‌ڵ چین به تایبه‌ت و ڕووسیا به گشتی.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی هاوپه‌یمانی ئۆكۆسیش هه‌ریه‌ك له واشنتن و له‌نده‌ن ئوسترالیایان له كڕینی ژێر ده‌ریایی ئه‌تۆمی له فڕه‌نسا په‌شیمان كرده‌وه و ئه‌مه‌ریكا ژێر ده‌ریاییه‌كان بۆ ئوسترالیا ئاماده ده‌كات، كه ئه‌مه‌یش به ته‌واوی پاریسی تووڕه كرد و باڵوێزی خۆیشی له واشنتن كشانده‌وه.
دیوێكی شاراوه‌ی هاوپه‌یمانی ئۆكۆس ته‌نیا هاوپه‌یمانی هێزی ده‌ریایی ئه‌و سێ وڵاته بۆ هه‌ژموون سه‌پاندن به‌سه‌ر زه‌ریاكان نییه، به‌ڵكو په‌ره‌پێدانه به ته‌كنه‌لۆجیای جه‌نگی به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش له نێوان هه‌رسێ وڵات، به جۆرێك كه بتوانن زۆر زیاتر پێش كۆماری چینی میلی بكه‌نه‌وه، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له خستنه‌خزمه‌تی ته‌كنه‌لۆجیا بۆ بواری سه‌ربازی و په‌ره‌پێدانی زیره‌كی ده‌ستكرد و ته‌كنه‌لۆجیای سیبرانی پێش هه‌موو وڵاتانی جیهان بكه‌وێ و به ته‌واوی نه‌یارانی وڵاتانی ڕۆژئاوا تووشی شۆك و سه‌رسڕمان بكات.
ئه‌و جۆره له تێكه‌ڵبوونی زانیاری و پێشڤه‌چوون و نهێنی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی له نێوان هه‌ر سێ وڵات، حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن و نامۆیه له نێوان وڵاتانی جیهان، به‌ڵام به بڕوای هه‌ر سێ وڵاته‌كه ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی چاره‌نووسسازه بۆ هێشتنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی جیهان له ده‌ست وڵاتانی ڕۆژئاواوه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چین كه خه‌ریكه له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه پێش ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌كه‌وێته‌وه و سه‌ركردایه‌تیی جیهان ده‌گرێته ده‌ست.
پێشتر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جیا له به‌ریتانیا توێژینه‌وه و هه‌وڵه‌كانی له بواری خستنه‌گه‌ڕی ته‌كنه‌لۆجیا و وزه‌ی ناوكی بۆ بواری سه‌ربازی له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێكی تر هاوبه‌شی پێ نه‌كردووه، به‌لام ئێسته به‌هۆی هه‌نگاوه به‌هێز و گه‌وره‌كانی چین سیاسه‌ت و ستراتیجی خۆی گۆڕیوه و دوای چه‌ندان ده‌یه له‌گه‌ڵ ئوسترالیایش پێشڤه‌چوونه ته‌كنه‌لۆجی و ئه‌تۆمییه‌كانی له بواری جه‌نگ و هه‌واڵگری هاوبه‌شی ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵات واته به‌ریتانیا و ئوسترالیا هاوپه‌یمانی ئۆكۆسی ڕاگه‌یاند.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چوونی هه‌ر سێ وڵات بۆ نێو ئه‌و هاوپه‌یمانییه خوێندنه‌وه‌ی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و به‌ڵگه‌ی و ئاماژه‌ی به‌هێزه بۆ لاوازبوونی ڕۆڵی ناتۆ له كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وڵاتانی ڕۆژئاوا له سێبه‌ری خۆیدا، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه وه‌ك شوێنگره‌وه‌یه‌كی ناتۆیش له داهاتوو باسی لێوه ده‌كرێت، چونكه ناكۆكی نێوان وڵاتانی ناتۆ كۆتایی نایه‌ت و به به‌رده‌وامی ڕووی له زیادبوونه، ئه‌مه‌یش وایكردووه ده‌ستی ڕووسیا به تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا واڵاتر بێ، دوای ئه‌وه‌ی ناتۆ شكستی هێنا له پاراستنی دوورگه‌ی كریما و ڕووسیا به ته‌واوی داگیری كرد.