بەرپرسیارێتیی پارتی لە بەغدا زیاد دەبێت

:: PM:01:52:13/10/2021 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 10ی ئەم مانگە، توانی ژمارەی كورسییەكانی بەڕێژەیەكی بەرچاو زیاد بكات و ژمارەكە لە 25 كورسییەوە گەیشتووەتە 34 كورسی، ئەمەش بۆ ئەو خزمەت و چاكسازییە دەگەڕێتەوە كە پارتی وەك حزبی دەسەڵاتدار، حكوومەتی بە دەستە و توانی بەشێكی گرنگی چاكسازی جێبەجێ بكات.

پارتی بەو بەڵێنەی كە بە هاووڵاتییانی دا لە خزمەتگوزاری، ئاوەدانكردنەوە، گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنە دووردەستەكان، هەروەها كاركردن بۆ بەهێزبوونەوەی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە هەموو گرنگتر دەستبردن بۆ مووچەی پلەباڵاكان و كەمكردنەوەی مووچەكانیان و بڕینی مووچەی نایاسایی و دوو مووچەكان، بەلای هاووڵاتییانەوە هەنگاوێك گرنگ بوو پێشوازییان لێ كرد، ئەمانە هۆكاری ئەوە بوون كە هاووڵاتییان متمانەیان بە پارتی دا و ژمارەی كورسییەكانی زیادی كرد.

دكتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد، بە "وشە"ی راگەیاند، هەڵبژاردن شێوازەكەی بەو جۆرەیە هەندێ لایەن كورسییان زیاد دەكات و هەندێ لایەنی تریش كورسییان كەم دەكات، كورسیی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان یەكلا بووەتەوە، ئەوەی ماوە عێراقە كە گرفت و كێشە هەیە لە نێوان حەشد و فەتح و سەدر، ئەوانە هەمووشیان خاوەن هێزی چەكدارن، نازانرێ ئەنجام چی دەبێت، رەنگە كێشە لە نێوان شیعەكان دروست ببێت.

لایەنە كوردییەكان پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیان بكەن


ئەوەشی گوت، لایەنە كوردییەكان پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیان بكەن، لە بەغدا یەكگرتووبن و كار بۆ كێشەكانی كورد بكەن و ئەو كێشانەی كورد لەگەڵ بەغدا هەیەتی، چارەسەر بكەن و هەوڵ بدەن، ئەوەی گرنگ بوو بە دەستهێنانی شەش كورسیی كەركووك لەلایەن كوردەوە بوو، هەروەها بەشداریكردنی پارتی و بەدەستهێنانی دوو كورسی، كاریگەری زۆر باشی هەبوو، ئەگەر لە ناوچەی مادەی 140 یەك لیست بوونایە، كورسییان زیاتر دەبوو.

بەگوتەی ئەو سیاسەتمەدارە، بەهۆی ئەوەی پارتی ژمارەی كورسییەكانی زیادی كردووە لە بەغدا، بەرپرسیاریەتیی زیاتری لەسەرە، دەبێ هەمووان پێكەوە كار بۆ كورد و دەستكەوتەكانی كوردستان بكەن.

لەلایەكی ترەوە فەرید یەعقووب سەرۆكی لیستی رافیدەین لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، زیادبوونی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، بۆ كاری باش و خزمەتكردن دەگەڕێتەوە، ئەم زیادكردنە نیشانەی ئەوەیە دەنگدەرانی كورد زیاتر پشتیوانی لە پارتی دەكەن، هاووڵاتییان دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگ و دەگەڕێن كێ خزمەتی كردووە، دەنگ بەوە دەدەن، پارتیش بەو پێیەی كورسی زیاد كردووە، نیشانەی ئەوەیە كە خزمەتی كردووە.

سەرۆكی لیستی رافیدەین گوتی، زیادبوونی كورسییەكانی پارتی لە 25 كورسییەوە بۆ 34 كورسی، كاریگەری لەسەر پێگەی كورد لە بەغدا دەبێت و دەتوانرێ كار بۆ مافەكانی كورد بكات و لە بەرژەوەندی كورددا دەبێت.

كوێستان لەتیف چاودێری سیاسی لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، دوو رەوت هەیە لە هەرێمی كوردستان، یەكێكیان دژی كوردبوون و نەتەوەییبوون، ئەوەی تریان كوردستانی بوون، ئەو لایەنەی كە كار لەسەر كوردستانیبوون و نەتەوەیی دەكات لە ستراتیجیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەش هۆكاری ئەوەیە كە پارتی هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ژمارەی دەنگەكانی لە زیادبووندایە.

پارتی پرەنسپێكی هەیە كە هەرگیز لەسەر نەتەوەییبوونی خۆی لا نادات


ئەو باسی لەوەش كرد، پارتی پرەنسپێكی هەیە كە هەرگیز لەسەر نەتەوەییبوونی خۆی لا نادات، بەڵام لایەنەكانی تر هەمیشە كاریان لێدانە و لەسەر پرسە نەتەوایەتییەكان كۆك نین، پارتی توانای خزمەتی هاووڵاتییانی هەیە و كاری باش بكات، هەورەها سوورە لەسەر ئەوەی دروشمەكانی جێبەجێ بكات و كار بۆ بەهێزبوونی كوردستان بكات. پارتی خوازیارە دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە ناوچەكان، لە ناو هاووڵاتییان بێت، چاكسازی بكات و سەرۆكی حكوومەت بەڵێنەكەی جێبەجێ بكات، ئەمانە هۆكاری زیادبوونی كورسییەكانی پارتین.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كە 10ی ئەم مانگەدا بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی ژمارەی كورسییەكانی لە 25 كورسییەوە بۆ 34 كورسی زیاد بكات، بە گوتەی هاووڵاتییانیش، خزمەتكردن و كاركردن بۆ بەهێزبوونی كوردستان و كاری باش، هۆكاری ئەو دەستكەوتانەی پارتین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان