شێوانی كۆمسیۆن لە راگەیاندنی ئەنجامەكان دەنگی ناڕەزایەتی زیاتر دەكات

:: PM:07:53:13/10/2021 ‌

یەكشەمی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوە چوو، ئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی جیا كردەوە بێ كێشە و دەستوەردان و بە چاودێرییەكی چڕی نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامە سەرەتاییەكانی زوو راگەیاند، بەڵام ئەو كەم و زیادییەی دەنگەكان و گۆڕینیان لەگەڵ حسێبكردنەوەی بەدەستی سندووقەكان، نارەزایەتی هێزە دۆڕاوەكانی زیاتر كرد، سەركردەیەكی حزبی شیوعی ئاماژە دەكات كە بەو هۆیەوە قبووڵكردنی ئەنجامەكان ئاسان نابێت.

جاسم حلفی، چالاك و سەركردە لە حزبی شیوعی عێراق لەو بارەوە بە "وشە"ی گوت، پێم وایە رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق 36%بووە، نەوەك 41% وەك هاتە باسكردن، چونكە كۆی دەنگدەرانی بەشداریان كردووە كە نۆ ملیۆن كەس بووە، دەبوایە بەسەر 25 ملیۆن دابەش بكرایە، ئەوەیش ئاماژەیە بۆ رێژەی راستەقینەی بایكۆتكردن كە زیاترە لە 64%، ئەوەیش رێژەیەكی زۆر گەورەیە و چەندان ئاماژەیە هەیە، لەوانە سیاسی و كۆمەڵایەتی مەترسیدار، یەكێك لە گرنگترین پەیامەكان نەبوونی متمانەیە بە هێزە گەورەكان كە فەرمانڕەوایەتی دەكەن.
ژمارەیەك دەموچاو كەوتن كە لە 2003ەوە لە پرۆسەی سیاسیدان یان گەندەڵكاری گەورەن
زیاتر گوتی، بابەتێكی تر ئەوان باوەڕیان وایە ئەم هەڵبژاردنە و بەو رێگەیەی بەڕێوە چوو، ناكرێت گۆڕانكاری دروست بكات، ئەوەیش ئاماژەیەكی مەترسیدارە ئەوكاتەی خەڵكەكە متمانە بە میكانیزمی هەڵبژاردن لەدەست دەدات، تا ئێستە ئەنجامەكان كۆتایی نین و زۆرێك لە هێزەكانی وەك هاوپەیمانی "فەتح"، قبووڵی ناكەن و وا دەزانن كە ساختەكاری تیادا كراوە، ئەوەیش مانای ئەگەری دروستبوونی شێوان و ئاڵۆزییە لە دۆخی سیاسی، كە هەر خۆی ئاڵۆزە، ئەوەیش مایەی نیگەرانییە بۆ هاووڵاتییەك، كە هەر خۆی متمانەی بە پرۆسەی سیاسی نەماوە، كاتێكیش ململانێكان دەگەن بەو ئاستە كێشەكان زیاتر دەبن، بەتایبەتی كاتێك لەسەر بەرژەوەندی و كورسییە و هاووڵاتی هیچی لێ دەست نەكەوتووە، واتە كاریگەرییەكی خراپی هەیە و هیچ سوودێكی بۆی نییە.

"لە پرۆسەكەدا ژمارەیەك لە كاندیدانی سەربەخۆ و گەنجامی تشرین بردیانەوە، كە متمانەمان بەوان هەیە بەرجەستەی خواستی گەل و تشرینییەكان و ئامانجەكانیان بكەن، بەڵام ژمارەیەك كاندیدانی سەربەخۆ هەن، كە سەر بە هێزەكانن و دەبیستین كە پێوەندی بە لیستەكانیتر وەك تەقەدوم و دەوڵەتی یاسا دەكەن، بۆیە ژمارەیەك لە كاندیدە سەربەخۆكان رادەكێشرێنەوە ناو لیستەكان، كە لە راستیدا تەنیا بەو ناوە بەشداریان كردووە و دەچنەوە ناو لیستەكانیان"، جاسم حلفی وای گوت. 

ئەو چالاكە پێشبینی كرد كە قبووڵكردنی ئەنجامەكان ئاسان نەبێت، بەتایبەتی ئەو شێوانەی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دروست بووە، بە راگەیاندنی ئەنجامەكان و مانەوەی هەندێك وێستگە بە حسێب نەكراوی و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان كە ئێستە دەكرێت و گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان، هەموو ئەوانە گومان دروست دەكەن، بۆیە پێم وایە قبووڵكردنی ئەنجامەكان ئاسان نابێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رای گەیاندوون، دەردەكەوێ كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق 40 ملیۆن و 22 هەزار كەسە، ئەوانەی مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئەم مانگە هەبوو، 22 ملیۆن دەنگدەر بووە، ئەوانەی بە كردەنی دەنگیان داوە گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و 77 هەزار و 779 كەس، لەوانە هەزاران كارمەندی سەر بە حەشدی شەعبی و میلیشیاكان بە كەسوكاریانەوە، كەچی ئەوانە یان بایكۆتیان كرد، یان دەنگیان بە سەدرییەكان و سەربەخۆكان و تشرینییەكان دا.

سەرەڕای گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسییەكانی لیستە جیاوازەكان، چاودێران پێیان وایە ئەوەی پرۆسەكە جیا دەكاتەوە سەركەوتنی یەك لیستی سەرەكی شیعە كە سەدرییەكانە و 70 كورسی هەیە، لەگەڵ یەك لیستی سوننە كە تەقەدومی محەمەد حەلبووسیە و زیاتر لە 40 كورسی هەیە و لە كوردیش پارتی دیموكراتی كوردستان كە 34 كورسی هەیە، جیا لە ئەگەری لیستی تر بۆ هاوپەیمانیەتی ئەوانە، كە بە ئاسانی دەتوانن 165 كورسی كۆ بكەنەوە و بە خێرایی حكوومەتی نوێ پێك بێنن، ئەوكاتە دابەشكردنی پۆستەكان سیاسی دەبێت نەوەك تائیفی.

جیا لەوە لایەنەكانی تر دەتوانن ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز دروست بكەن، كە ئەوەیش گرنگییەكی گەورەی هەیە بۆ گوشاركردن لە حكوومەت و بەدەستهێنانی دەستكەوتی باش و رێگرتن لە لادان، خاڵێكی تر سەركەوتنی سەربەخۆ و تشرینییەكانە بۆ پەرلەمان، كە بەرجەستەی راستەقینەی شەقامی ناڕازی و خواستەكانی گەنج دەكەن، ئەوەیش دەسكەوتێكی گرنگی ئەو هەڵبژاردنەیە.

جیا لەوە بۆ ئەم خولە ئەندامەكان زیاتر ئازاد دەبن، كاتێك بە دەنگی خۆیان گەیشتوون بە پەرلەمان و بۆ رازیكردنی ئەو جەماوەرە كار دەكەن كە دەنگی بەوان داوە. رەنگە یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی تر ئەوە بێت پرۆسەكە ژمارەیەك دەموچاوی لێ خست كە لە 2003ەوە لە پرۆسەی سیاسیدان یان گەندەڵكاری گەورەن و كەس نەیدەتوانی لایان ببات، ئەوەیش دەیسەلمێنێت جەماوەر سەرچاوەی راستەقینەی گۆڕانكارییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل