بە دروشمی هەنگ و هەنگوین چارەسەرن، كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان، شەشەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی هەنگوینی ساز كرد و بڕیارە ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی تشرینی یەكەم، یاسین عەلی ئەندامی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەشەمین فێستیڤاڵی هەنگوین لە شاری سلێمانی كرایەوە و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
زیاتر گوتی، ئەو فێستیڤاڵە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵ 25 هەنگەوان بەشدارن و ئەو پێشانگەیەش گرنگی خۆی هەیە، هەنگەوانان دەتوانن بەرهەمەكانیان ساغ بكەنەوە.
هەنگەوانان دەتوانن بەرهەمەكانیان ساغ بكەنەوە.
باسی لەوەش كرد، كۆمەڵێك بەرهەم بۆ پێشانگەی كشتوكاڵی هەولێریش ئامادە كراوە و نمایش دەكرێ، ساڵانە ڕێژەیەكی زۆر هەنگوین لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، هەنگوینی كوردستان دەتوانێ پێداویستی ناوخۆی بەزیادیشەوە پڕ بكاتەوە.
ڕوونی كردەوە، هەنگوینی خۆماڵی و ئەشكەوت و ناودار و سروشت بوونی هەیە، هاووڵاتییان دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن، نەك ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەكرێن و هیچ كوالێتییەكیان نییە.
كردنەوەی ئەو پێشانگەیە بەمەبەستی زیاتر گرنگیدانە بە بەرهەمە خۆماڵییەكان، ئەمساڵیش حكوومەت هاوردەی هەنگوینی سنووردار كردووە، تا بەرهەمە خۆماڵییەكان نرخی گونجاو بۆ هەنگەوانان بكات.