كۆتای ئه‌مساڵ ئۆتۆمبێلی زیره‌ك ده‌خرێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌


چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ كۆتای ئه‌مساڵدا، ئۆتۆمبێلی زیره‌ك و بێ شوفێر له‌ شه‌قامه‌كانی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا بخرێنه‌ ڕوو و به‌ ئاسایی هاتوچۆی پێی بكرێت، ئه‌مه‌ش به‌ پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌ی ته‌كنه‌لۆجیا و بواری گه‌یاندن و هاتوچۆ داده‌نرێت.

ڕۆژنامه‌ی "گاردیان"ی به‌ریتانی بڵاوی كرده‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ نه‌ سووكانی شوفێری و نه‌ شوێنه‌كانی تری پێ له‌ به‌نزین نان و ستۆپكردنیان هه‌یه‌، به‌ڵكو خۆیان شوفێری ده‌كه‌ن و له‌ كاتی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌كیش، ڕاسته‌وخۆ ده‌وه‌ستن و هه‌موو شتێك له‌لایه‌ن خودی خۆیانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێ.

به‌رپرسانی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا ئاشكرایان كرد، كه‌ پێویسته‌ له‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ ده‌ست به‌ دانانی هێمای هاتوچۆی تایبه‌ت به‌ ئۆتۆمبێلی بێ شوفێری خودكار له‌ شه‌قامه‌كانی كالیفۆرنیا دابنرێت. ئه‌وان ئه‌مه‌ به‌ پێویستییه‌كی گرنگ داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆتای ئه‌مساڵدا ئه‌م جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ بخرێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ ئاسایی خه‌ڵكی بتوانێ به‌كاریان بهێنێت، به‌تایبه‌ت بۆ حاڵه‌تی له‌ ناكاو و فریاكه‌وتن گرنگ و پێویست ده‌بێ.

به‌گوێره‌ی پلان و به‌رنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ویلایه‌تی كالیفۆنیا، له‌ كۆتای ئه‌مساڵ و سه‌ره‌تای ساڵی 2018 هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو ده‌كرێن و ئۆتۆمبێلی زیره‌كی بێ شوفێر له‌و ویلایه‌ته‌ ده‌خرێته‌ كار و ده‌توانن به‌ ئاسایی له‌ شه‌قامه‌كان بسووڕێنه‌وه‌.

ئێسته‌ كۆمپانیا جیهانییه‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا و ئۆتۆمبێل كێبه‌ركێیانه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیای گووگڵ و تسیلا و نیسان ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌یان به‌رهه‌م هێناوه‌.

سه‌رچاوه‌/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:09:43:12/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 2209 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌