نرخی كارەبا لە یەكێتی ئەوروپا 12 هێندەی كوردستانە

:: PM:04:00:21/10/2021 ‌
نرخی كارەبا لە ئەوروپا 12 هێندەی نرخی كارەبایە لە هەرێمی كوردستان، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەموو ئەو پارەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی كارەبا یان كڕینی خەرجی دەكات، لەسەر گیرفانی خۆیەتی و رێژەیەكی كەمی خەرجییەكە لە هاووڵاتییان وەرگیراوەتەوە.

فەرمانگەی ئاماری یەكێتی ئەوروپا رای گەیاند، تێكڕای نرخی كارەبای ماڵان لە وڵاتانی ئەندامی ئەو یەكێتییە لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2021 لە 21.3 یۆرۆ بەرانبەر هەر 100 كیلۆوات كارەبا لە سەعاتێكدا بۆ 21.9 یۆرۆ بەرز بووەتەوە. هاوكات نرخی گازیش لە 6.5 یۆرۆ  بۆ 6.4 یۆرۆ كەمی كردووە.

نرخەکە بەراورد بە نیوەی یەكەمی ساڵی 2008، نزیكەی 36% و گازیش بە زیاتر 10% دابەزیوە.


ئەم راپۆرتە پێشانی دەدات كە نرخی كارەبا و گازی ماڵان لە یەكێتی ئەوروپا بەراورد بە نیوەی یەكەمی ساڵی 2008، نزیكەی 36% و گازیش بە زیاتر 10% دابەزیوە.

نرخی كارەبا لە 16 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەراورد بە نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوو زیادی كردووە، زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ لە سڵۆڤێنی رووی داوە كە رێژەكە 15%یە، زۆرترین دابەزینیش لە هۆڵەندا رووی داوە و 10% لە نرخی كارەبا دابەزیوە.

كەمترین نرخی كارەبای ماڵان لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، هی هەنگاریایە كە 10 یۆرۆ بۆ هەر 100 كیلۆوات كارەبا لە سەعاتێكدا دیاری كراوە، بەرزترین نرخی كارەباش لە ئەڵمانیایە و لە بری هەر 100 كیلۆوات لە سەعاتێكدا، نزیكەی 32 یۆرۆ وەردەگیرێت.

ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێم لە بری كارەبا دەیدەن، زۆر كەمە.


ئەگەر ئەو ئامارەی ئەوروپا بە نرخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەراورد بكەین، بۆمان دەردەكەوێت جیاوازییەكان یەكجار زۆرن و ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێم لە بری كارەبا دەیدەن، زۆر كەمە.

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵدا، نرخی كارەبای لە هەرێمی كوردستانی بە رێژەی 20% بەرز كردەوە، هۆكاری ئەو بەرزكردنەوەیەی نرخی كارەباش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نرخی دینار بەرانبەر دۆلار بە رێژەی 20% دابەزی. حكوومەت بە دۆلار كارەبا لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكڕێت و كاتێكیش بەهای دینار دابەزێت، ئەوا ناچارە نرخەكە بەرز بكاتەوە.

هەر ماڵێك لە نێوان یەك تا 450 كیلۆوات لە مانگێكدا خەرج بكات، ئەوا بۆ هەر كیلۆواتێك تەنیا 18 دیناری لێ وەردەگیرێت


بەپێی ئەو گۆڕانكارییانە لە هەرێمی كوردستان، هەر ماڵێك لە نێوان یەك تا 450 كیلۆوات لە مانگێكدا خەرج بكات، ئەوا بۆ هەر كیلۆواتێك تەنیا 18 دیناری لێ وەردەگیرێت، ئەم نرخە پێشتر 15 دینار بوو. لە هەرێمی كوردستان سیستمێك دانراوە ئەگەر خەرجی كارەبا لە 450 بترازێت، ئەوا نرخەكەشی زیاد دەكات.

رەنگە كەم ماڵ هەبێ بتوانێت كەمتر لە 450 كیلۆوات كارەبا خەرج بكات و بەكاربردنی مانگانە لە نێوان 500 تا هەزار كیلۆوات بێت. ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین بە تێكڕا بۆ هەر كیلۆواتێك 20 تا 40  دیناریش حیساب بكرێ، هێشتا نرخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ناگاتە یەك لەسەر 12ی وڵاتانی ئەوروپا. 

ئەگەر گریمانە بكەین نرخی هەر كیلۆوات كارەبا لە ماوەی سەعاتیكدا 30 دینار لەسەر خێزانەكان حیساب بكرێت، ئەوا نرخەكەی دوای 100 كیلۆوات دەگاتە سێ هەزار دینار.

لە سەرەوە وەك ئاماژەی پێ كرابوو، لە ئەوروپا نرخی 100 كیلۆوات كارەبای ماڵان بە 21.9 یۆرۆیە كە بەدینار دەكاتە 37 هەزار و 800 دینار.

لە كوردستان خەڵك بۆ خەرجكردنی 100 كیلۆوات كارەبا سێ هەزار دینار دەدەن، كەچی لە ئەوروپا لە بری خەرجكردنی هەمان بڕە كارەبا، 37 هەزار و 800 دینار دەدەن، ئەمەش دەری دەخات نرخی كارەبا لە ئەوروپا سەرووی 12 هێندەی نرخی كارەبایە لە كوردستان.

هەروەها باس لەوە كرا كە كەمترین نرخی كارەبا لە ناو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هی هەنگاریایە، 10 یۆرۆیە بۆ هەر كیلۆواتێك كە دەكاتە 17 هەزار و 250 دینار. ئەگەر ئەمەشیان بەراورد بكرێ، هێشتا نرخەكە بەراورد بە هەرێمی كوردستان، نزیكەی شەش هێندە گرانترە.

گرانترین نرخی كارەبا لە ناو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، ئەڵمانیایە


گرانترین نرخی كارەبا لە ناو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، ئەڵمانیایە و نرخی هەر 100 كیلۆواتی لە سەعاتێكدا دەگاتە 32 یۆرۆ كە بەدینار 55 هەزارە. بەوپێیە نرخی كارەبا لە ئەڵمانیا سەرووی 17 هێندەی نرخی كارەبایە لە كوردستان.

پێشتر ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی دابوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر گیرفانی خۆی، سەرووی 70% تا 75%ی خەرجییەكانی دابینكردنی كارەبا بۆ هاووڵاتییانی لە ئەستۆ گرتووە.

لە هەرێمی كوردستان جگە لەوەی كە نرخی كارەبا هەرزانە، سەرووی 30%یشی بەفیڕۆ دەچێت تا بەدەستی بەكاربەر دەگات. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ئەو دۆخە، دەستی بە بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا كردووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا تەواو بكرێت، بەڵام نرخ هەر لەم ئاستەیدا جێگیر دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان