كاندیدە براوەكانی بزاوی تشرین دەست بۆ دوو دۆسیەی هەستیار دەبەن

:: PM:04:32:21/10/2021 ‌

هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند سوپرایزێكی تیادابوو كە رەنگە هەندێكی پێشبینی نەكراو بوون، لەوانە دۆڕان و شكستی هێز و میلیشیاكانی سەر بە ئێران و بردنەوەی گەورەی سەدرییەكان، بەڵام یەكێكی تر لەو سوپرایزانە بردنەوەی ژمارەیەك كاندیدی سەربەخۆ و سەر بە بزاوی تشرین بوو، لەوانەیش بزاوی ئیمتداد، كە توانی نۆ كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكات، بەڵام ئەوان بەنیازی چین؟
هەڵبژاردنەكە یەكەم هەنگاو بوو بەرەو گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی و گۆڕانكاری زیاتر روودەدات
د. عەلا روكابی، ئەمینداری گشتی بزاوی ئیمتداد لەو بارەوە دەڵێت، سوورین لەسەر هەڵدانەوەی دۆسیەی كوشتن و سەركوتكردنی خۆپێشاندەران و راوەدوونانی تێوەگلاوان لە دۆسییەكانی گەندەڵی، بزاوەكەمان بەرەو پێكهێنانی لیستێكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هەنگاو دەنێ و بەشداری لە هیچ حكوومەتێكی بەشبەشێنە ناكات و هیچ پۆستێكی وەزارەت یان پلە تایبەتەكان وەرناگرێت. 

زیاتر گوتی، چەند رۆژێكە پێوەندیكردنمان بە كاندیدانی براوەی سەربەخۆ و بزاوە تازە دامەزراوەكان دەستی پێ كردووە، بۆیە بۆ یەكەمجار دەبینە ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی راستەقینە لەناو پەرلەمانی عێراق و كارەكانی سەرەتاییمان بریتی دەبێت لە كردنەوەی دۆسیەی تێوەگلاوان لە كوشتن و سەركوتكردنی خۆپێشاندەران و دۆسیەكانی گەندەڵی، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یەكەم هەنگاو بوو بەرەو گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو گۆڕانكاری زیاتر روودەدات.  

روونی كردەوە، هۆشیاری دەنگدەران زۆر گۆڕاوە و ئەوانەی دەنگیان بە ئێمە و سەربەخۆكان دا بە قەناعەتەوە بووە، ئەوان دەنگیان بە نیشتمان و سزادانی حزبەكانی دەسەڵات دا، ئەوەیش ئەوپەڕی هۆشیارییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل