گوشارەكانی سەر سەدر زیاد دەكەن.. 2010 دووبارە دەبێتەوە؟

:: PM:06:29:21/10/2021 ‌

لە هەڵبژاردنی 2010 لیستەكەی ئەیاد عەلاوی بە ئەنجامی 91 كورسی پەرلەمان لە پلەی یەكەم هات و دەبوایە سەرۆك وەزیران كاندید بكا و حكوومەتی عێراق پێك بێنێت، بەڵام ئەوەی رووی دا لیستەكەی نووری مالیكی، كە خاوەنی 89 كورسی بوو، حكوومەتی پێك هێنا، ئێستەیش نووری مالیكی براوەی دووەمی ناوماڵی شیعەیە و كاندیدی ئێران و میلیشیاكانە، ئاخۆ دووبارەی دەكاتەوە؟

لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە، كە سەدر بە زیاتر لە 70 كورسی پلەی یەكەمی هێناوە و جیا لە هەموو هێزەكانی ناو ماڵی شیعە دەیەوێ خۆی سەرۆك وەزیرانی كاندید بكا و حكوومەت پێك بێنێت، تا دێ گوشاری سەر سەدر و ناوچەی سەوز زیاد دەكات، چاودێران پێیان وایە سەدر بەردێكی گەورەی هەڵگرتووە، بەڵام ئەگەری زۆرە دایبنێتەوە شوێنی خۆی، چونكە بژارەكانیتری بەردەمی بریتییە لە مان و نەمانی، ئەوەیش لە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارییەوە دەبێت، كە كەس لە ناو ماڵی شیعە بە سەدریشەوە ئامادە نییە بچێتە ناویەوە یان دەستپێشخەری بێت.

بەر لە چەند رۆژێك یەكێك لەو شرۆڤەكارانەی بەناوی میلیشیاكانەوە قسەی دەكرد، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند، هەنگاوەكانی پەرەسەندنی هێزەكانی ئەنجامی هەڵبژاردن رەت دەكەنەوە بە هەنگاو پەرە دەستێنن، سەرەتا بە ناڕەزایەتی ئاشتیانەی جەماوەری و یاسایی دواتر بەرەو پەرەسەندنی سەربازی پەرە دەستێنن، زانیاری هەیە بەوەی گرووپە بەرگریكارەكان لە بەرانبەر بە تێوەگلانی لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنی عێراق، بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش دەكەنە سەر ئیمارات.
ئێران دەیەوێ مالیكی حكوومەت پێك بێنێت و بە هێمنی و نهێنی كار بۆ ئەوە دەكات
پێش چەند رۆژێك هەریەك لە هێزە شیعە و سوننەكانی نزیك لە ئێران كە تووشی شكستی گەورە هاتنەوە لە هەڵبژاردن، لە بەیاننامەیەكدا گوتیان ئەو ئەنجامانە قبووڵ ناكەن و ساختەی تیادا كراوە، راست نەكردنەوەیان كار دەكاتە سەر ئاشتی كۆمەڵگەیی، واتە توندوتیژی و رووبەڕووبوونەوە، ئەمڕۆ خۆپێشاندەرانی سەر بە هێزەكانی ئەنجامی هەڵبژاردن رەت دەكەنەوە، كە لەبەردەم ناوچەی سەوز لە بەغدا خێوەتیان هەڵداوە و گردبوونەتەوە، رایان گەیاند كە بەنیازن هەڵبكوتنە سەر ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدا. 

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، لەناو خۆپێشاندەرەكان بە بڵندگۆ بانگی خۆپێشاندەران كرا بۆ هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و چوونە ناوییەوە، لەوكاتەی سێ رۆژە لەسەر یەك لە بەغدا ناڕەزایی لەبەردەم ناوچەی سەوز هەیە و زیاتر ئەندامی حەشدی شەعبین و لە عەسائیب و بەدر و نوجەبا و ئەوانیترن، وەك دەڵێن چاوەڕوانی سەرووی خۆیانن بۆ هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز.

چاودێران پێیان وایە سەدر ئەگەرچی بە ئەنجامێكی گەورە بردوویەتییەوە، بەڵام بەهۆی بەهێزی نەیارەكانی، لە دۆخێكی سەختدایە و كارتەكانی دەستی ئەوەندە بەهێز نییە بۆ سەپاندنی بردنەوەكەی لەسەر زەویدا، چونكە هێزە شیعەكانی تر توانوویانە سەدرییەكان لە گۆشەیەك حەشار بدەن و تەنیا ئەوەندەیان بۆ هێشتووەتەوە كە سازش بكات، بۆ مانەوەیەكی هاوبەشانە لە دەسەڵات، یان بوون بە ئۆپۆزسیۆنێك كە باجەكەی گەورەیە. 

ئەگەرچی سەدر خۆی بۆ ئەو سەركەوتنە ئامادە كردبوو و سەریش كەوت، بەڵام ئێستە كەوتووەتە هەڵوێستێك كە رەنگە نەزانێت یان نەتوانێت راشكاوانە هەنگاو بنێت، ئەو جیا لەوەی گەورەیی بردنەوەكەی هاوتا بوو لەگەڵ گەورەیی دۆڕانی نەیارەكانی، باسی داماڵینی چەكی نایاسایی و لێپرسینەوەی لە گەندەڵكاران و هەڵدانەوەی دۆسییە كۆنەكانی كرد، بۆیە هەڕەشەی میلیشیاكان و هێزەكانی سەر بە ئێران كە ساڵانێكە فەرمانڕەوایەتی عێراق دەكەن و بەرپرسن لە هەموو دۆسییەكانی گەندەڵی و كوشتن و رفاندن، زیاتر كرد و ئەوانی سوورتر كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەدر و ئەگەری پێكهێنانی حكوومەتێك بێ ئەوان.

چاودێران پێیان وایە هەموو هەڕەشە و بانگەشەی نەیارانی سەدر لەبارەی ساختەكاری لە هەڵبژاردن و گوشارەكانیان، تەنیا هەوڵێكە بۆ دوورخستنەوەی سەدر لەوەی ببێتە یاریزانی یەكەم لە یارییەكە، بۆیە هەركاتێك بابەتەكە و پێكهێنانی حكوومەت كەوتە دەست نووری مالیكی، ئەو هەڕە و بانگەشانەیان نامێنن و ئەوكات ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكە نامێنێت و پێویست بە دادگاییكردنی مستەفا كازمی، بە تۆمەتی ناپاكی گەورە ناكات.

بەپێی ئەوەی لەسەر زەوی هەیە، راستە سەدر 73 كورسی لە پەرلەمان دەبێت، بەڵام كورد و سوننە چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە دەكەن، لەلایەكی تر كەوتوونەتە ژێر گوشاری ئێران لە رێگەی قەتەڕەوە، بۆیە هەندێك سەرچاوەی سیاسی ئاماژە دەكەن كە سەدر ناتوانێت حكوومەت پێك بێنێت، رێگەیشی پێ نادرێ دەستێكی باڵای لە پێكهێنانیدا هەبێت، لەوكاتەی ئێران دەیەوێ مالیكی حكوومەت پێك بێنێ یان دەستی لە پێكهێنانی هەبێت، كە ئەگەری زۆرە ئەوە رووبدات و بەهێمنی و شاراوەییەوە لە بەغدا و لە دەرەوەیش كاری بۆ دەكات، بۆیە رەنگە سەدر بۆ قبووڵكردنی ئەو بیرۆكەی ئێران، باسی بیرۆكەی پاراستنی یەكێتی ناوماڵی شیعە یان یەكێتی نیشتمانی بكات، واتە رازی بوون بە رۆڵێكی هاوشێوەی ئەیاد عەلاوی و لاوەكی. 

بژارەی تری بەردەم سەدر لەكاتی رەتكردنەوەی پێشنیازی ئێرانە جكە لە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری میلیشیاكان، بوونە بە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان و جووڵاندنی شەقامە دژی حكوومەتی مالیكی، رەنگە لەوە سەركەوتوو بێ و ئەو حكوومەتە برووخێنێت، بەڵام جارێكی تر ئێران و مەرجەعیەتی نەجەف رێگە بەوە نادەن، بۆیە هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە لە كۆتاییدا سەدر ملكەچی بۆ رازیكردنی ئێران و هەڵكردن لەگەڵ میلیشیاكان جارێكی تر بە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەكات.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل