"خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان سەركەوتنی پارتی مسۆگەر كرد"

:: PM:07:07:21/10/2021 ‌

بە ڕای چاودێر و پەرلەمانتاران هۆكاری سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی دوایی بۆ خزمەتەكانی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە، كە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردوویەتی، پێیان وایە پارتی لە بەغدا بە بەردەوام كاری بۆ بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرگری لە مافەكانی كورد كردووە و لە كوردستانیش ئاوەدانی گەیاندووەتە هەموو جێگایەك.

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی گەورەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ژمارەی كورسییەكانی زیادی كردووە، بەوهۆیەش پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر دەبێت و دەنگی و سەنگی زیاتر دەبێت بۆ داكۆكیكردن لە مافی هاووڵاتییان.

مەیادە محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی حزبێكە بەردەوام لەبەرەی گەلدا بووە، لە بەغدا هەمیشە پڕۆژەی نیشتمانی هەبووە بۆ پشتگیری و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان، هەوڵی داوە باشترین خزمەت بە هاووڵاتییان بكات، پارتی وەك تاكە حزب لەسەر ئاستی كوردستان لە بەغدا گرنگی پێ دراوە و لایەنە عێراقییەكان بۆ هەر بابەتێكی سیاسی و پرسی پێكهێنانی حكوومەت، سەرەتا پرس بە پارتی دەكەن، چونكە گەورەترین حزبە لەسەر ئاستی عێراق.
لایەنە عێراقییەكان بۆ هەر بابەتێكی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەت سەرەتا پرس بە پارتی دەكەن
زیاتر گوتی، بەهۆی ئەوەی فراكسیۆنێكی گەورەیە، بەردەوام لەسەر پرسە نیشتمانییەكان و ئەو پڕۆژە و بابەتانەی كە پێوەندییان بە هەرێمەوە هەیە هەڵوێستی هەیە، كار بۆ ئەوە دەكات مافەكانی كورد لە بەغدا بەدەست بێنێت، دەتوانێ كاریگەری هەبێت لەسەر بڕیارەكانی كە دەدرێن و لەناو حزبەكانی بەغدایش گوێ لێ گیراوە، هاوكات دەستبردن بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بە ئاراستەی دژایەتیكردنی هەرێم لای پارتی هێڵی سوورە.

ئەو ئەندامەی پێشووی فراكسیۆنی پارتی باسی لەوەیش كرد، پارتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش دەستێكی باڵای هەیە لە ئاوەدانكردنەوە و بەرەوپێشبردنی هەرێم، پارتی لە هەر كوێ بێت ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردن لەوێیە، لە سایەی پارتی، هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی ئاوەدانیدا دەڕوات و دەستی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردن گەیشتووەتە هەموو ناوچەكان.

هەر لەو پرسەدا د. سابیر ئیسماعیل، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان سوودی لە یاسا نوێكەی پەرلەمان بۆ دابەشكردن بەشێوەی بازنەیی وەرگرت، پارتی حزبێكی ئاماری خۆی هەیە و دەنگەكانی جێگیرە، هەروەها دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە زۆر زیرەكانە كاریان لەسەر ئەوە كرد بۆ دانانی كاندیدەكان لە بازنەكان، ئەو شوێنەی كە دەنگی پارتی كەمە، كاندیدێكی ژنی دانابوو، بۆیە زیرەكانە كارەكانی كرد.

روونی كردەوە، راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە پارتی كورسییەكانی زیادی كردووە، لەكاتێكدا كە خەڵكێكی كەم بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، پارتی لەم هەڵبژاردنە لە كەركووك دەنگەكانی هاووڵاتییانی كۆ كردەوە، خەڵك تۆڵەی لە یەكێتی كردەوە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر.

ئەو چاودێرە دووپاتی كردەوە، لە مووسڵ پارتی خزمەتێكی زۆری هاووڵاتییانی شارەكە و ئاوارەكانیشی كرد، ئەوانیش لە هەڵبژاردن پاداشتی پارتییان دایەوە و دەنگیان پێی دا، بەهۆیەوە ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە مووسڵ زیادی كرد، بۆیە كاری بۆ مووسڵ كردووە، ئەوەیش كاریگەری خۆی هەبوو، باوەشی بۆ ئاوارەكان كردەوە و خزمەتی كردن.

هەر لەو بارەوە شوان محەمەد، كاندیدی سەركەوتووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، وەك پارتی لەم خولەدا بە یەك تیم كار دەكەین بۆ چەسپاندنی مافەكانی هەرێمی كوردستان و بەركەوتەی كورد لە بارەی مووچە و بودجەی كورد، پێشمەرگە و شایستە داراییەكانی هەرێم، هەروەها مافەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و گرنگیدان بە ناوچە كوردستانییەكان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، كاری پارتی لەبەغدا ئەوەیە بەرگری لە كورد بكا و سەرەڕای ئەوەی داكۆكیكار دەبین، هاوكات چاودێریش دەبین بەسەر ئەو كار و پڕۆژانەی كە لە پەرلەمان كاریان لەسەر دەكرێت، ئەوانەی پێوەندییان بە هەرێم هەیە و مافەكانی كوردی تیا دەچەسپێنین، بە هەموو شێوەیەك دژی پرسە نیشتمانییەكان دەبین، كە ئامانجیان لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و پێگەكەیەتی.

شایەنی باسە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە 10ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی 33 كورسی بە دەست بێنێ و ژمارەی كورسییەكان بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو زیاتر بكات، بەوەیش پێگەی كورد زیاتر بەهێزدەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل