حه‌سه‌ن عه‌لى سینه‌ماكار و به‌ڕێوه‌به‌رى سینه‌ماى رۆیاڵ له هه‌ولێر راى ده‌گه‌یه‌نێت، دواى ماندووبوونێكى زۆر، مۆڵه‌تى نمایشكردنى فیلمى سینه‌مایى "محه‌مه‌د پێغه‌مبه‌رى خودا"ى له كوردستان وه‌رگرتووه. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا روونى ده‌كاته‌وه، لیژنه‌یه‌كى حكوومى له كوردستان به سانسۆر خستنه سه‌ر چه‌ند دیمهنێكى فیلمه‌كه، مۆڵه‌تیان به نمایشكردنى داوه.
پاش ئه‌وه‌ى ده‌ست به نمایشكردنى فیلمى سینه‌مایى "محه‌مه‌د پێغه‌مبه‌رى خودا" له هه‌ولێر كرا، ناڕه‌زایه‌تى مامۆستایانى ئاینیى لێ كه‌وته‌وه، چۆن چاره‌سه‌رى كێشه‌كه كرا؟
ژماره‌یه‌ك مامۆستاى ئاینى و یه‌كێتیى زانایان ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕى، ئێمه پاش ماندووبوونێكى زۆر مۆڵه‌تى نمایشكردنى ئه‌و فیلمه‌مان به‌ده‌ست هێناوه، دواى ئه‌وه لیژنه‌یه‌كى حكوومى پێك هات و به چه‌ند سانسۆرێكه‌وه ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر نمایشكردنى فیلمه‌كه دا و چه‌ند دیمه‌نێك له‌و فیلمه‌دا سانسۆرى خرایه سه‌ر و هه‌ڵگیرا. دیاره ئه‌و فیلمه باس له ژیانی منداڵیی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام محه‌مه‌د (د.خ) ده‌كات، كارى ده‌رهێنانی له لایه‌ن سینه‌ماكارى ئێرانی هونه‌رمه‌ند مه‌جید مه‌جیدی بۆ كراوه كه له سه‌ره‌تاى نمایشكردنییهوه زۆرترین قسه‌وباسی له ناوه‌ندی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا له‌سه‌ر دروست بوو، ئه‌م فیلمه بودجه‌كه‌ی 40 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه و یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مه سینهمایییهكانی ئێران.
چۆن مۆڵه‌تى نمایشكردنى فیلمه‌كه‌تان وه‌رگرت و ورده‌كارییه‌كانى پێكهێنانى لیژنه‌كه چۆن بوو؟
ئه‌م فیلمه له هه‌موو دنیادا بڵاو بووه‌ته‌وه، ئێمه‌ش سینه‌مامان هه‌بوو، داوام له كۆمپانیای بڵاوكه‌ره‌وه‌ى ئێران كرد كه ئه‌و فیلمه وه‌ربگرم بۆ ئه‌وه‌ى له كوردستان نمایشى بكه‌ین، ئه‌وانیش له ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى به‌غداوه ئاسانكارییان بۆ كردم، كه مافى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و فیلمه له پارێزگاكانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك كه سینه‌ماى مۆدێرنیان تێدایه له ئه‌ستۆ بگرم. یه‌كه‌م جار نه‌مده‌توانى پلانه‌كه‌م به‌یه‌كه‌وه له هه‌رسێ پارێزگا جێبه‌جێ بكه‌م، سه‌ره‌تا له هه‌ولێر بڵاوم كرده‌وه، هه‌ر له دوو سێ ڕۆژى سه‌ره‌تا كه فیلمه‌كه بڵاو بووه‌وه دیار بوو یه‌كێتیى زانایان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كیان به‌رامبه‌ر به فیلمه‌كه هه‌بوو، منیش له نزیكه‌وه پێوه‌ندیم پێیانه‌وه كرد و له ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و پارێزگاى هه‌ولێره‌وه فیلمه‌كه‌یان پێ ڕاگرتم، تا سه‌رله‌نوێ سه‌یرى فیلمه‌كه بكه‌ن، دواى ئه‌وه وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى هاته ناو بابه‌ته‌كه له ڕێگه‌ى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كه‌وه بۆ تاوتوێكردن و دووباره سه‌یركردنى فیلمه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى نمایش بكرێته‌وه یان نمایش نه‌كرێت. لیژنه‌كه‌ش له دوو نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى و دوو نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و نوێنه‌رێكى یه‌كێتیى زانایان پێك هات.
ئه‌وان سه‌یرى فیلمه‌كه‌یان كرده‌وه؟
هاتن له‌ناو سینه‌ما ڕۆیاڵ فیلمه‌كه‌یان بینییه‌وه، چه‌ند ڕاسپاردهیهكیان هه‌بوو كه ئه‌و فیلمه ڕێگه‌ى پێ بدرێ بڵاو بێته‌وه، به‌ڵام ڕه‌چاوى ئه‌و ڕاسپاردانه بكرێت، منیش ڕاسپارده‌كانم قبووڵ بوو بۆ ئه‌وه‌ى فیلمه‌كه به‌و شێوه‌یه نمایش بكرێت، خۆشبه‌خانه ئێسته له هه‌ولێر و سلێمانى له یه‌ك كاتدا نیشان ده‌درێت، دواى نمایشى هه‌ولێر و سلێمانى، له دهۆكیش نمایشى ده‌كه‌م و تا بینهریشى هه‌بێ به‌رده‌وام ده‌بین.
ئه‌و دیمه‌نانه‌ى فیلمه‌كه كه سانسۆریان خرایه سه‌ر یان راسپارده‌ى لیژنه‌كه چى بوو؟
ئه‌وه‌ى زۆر به‌لاى لیژنه‌كه گرنگ بوو، له چه‌ند دیمه‌نێك سێبه‌رێك یان ڕووناكییه‌ك دابنرێت له‌سه‌ر كاره‌كته‌رى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) كه له ته‌مه‌نى منداڵى ده‌رده‌كه‌وێت، ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان جێبه‌جێ كرد وه‌ك بڵاوكه‌ره‌وه‌ى فیلمه‌كه، له هه‌مان كاتیش‌دا له‌و چه‌ند دیمه‌نه‌ى كه ده‌نگى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) هه‌یه، ئه‌و ده‌نگه‌ش له‌كاتى نمایش له‌سه‌رى ناهێڵین، ئێمه هیچ گرفتێكمان له‌وباره‌وه نییه، ئه‌وه‌ى به‌لامه‌وه گرنگه بابه‌ته‌كه به پله یه‌ك له‌باره‌ى گێڕانه‌وه‌ى چیرۆكى فیلمه‌كه‌یه، كه به لایه‌نى هه‌ندێك كه‌سه‌وه ئه‌و چیرۆكه‌یان پێ باش نییه و هه‌ندێك كه‌سى تریش ئه‌و چیرۆكه‌یان پێ باشه، لێره‌دا ئێمه ناكرێت هه‌ر كه‌سێك چیرۆكى گێڕانه‌وه‌ى فیلمێكى به‌دڵ نه‌بوو ڕایبگرێت، ئه‌وه مه‌سه‌له‌ى بیركردنه‌وه‌ى كارى هونه‌رى و ڕۆشنبیرییه، له كوردستان تا ئێسته چاودێرى سینه‌مایی نییه، ئه‌و ده‌رهێنه‌ره كه دروستى كردووه سوودى له كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ى مێژوویی وه‌رگرتووه، ئێسته ئێمه به‌س ئه‌وه‌نده‌مان له‌سه‌ره كه حه‌ز بكه‌ین فیلمه‌كه ببینین یان نه‌یبینین، ناكرێ له كوردستانێكى ئازاد كه بیروڕا و هه‌موو شتێك ئازاده، سانسۆرى فكر بكه‌ین، ڕه‌نگه 100 كه‌س ئه‌و فیلمه‌یان پێ خۆش بێ و 100 كه‌سیش پێیان ناخۆش بێت، ئێمه ده‌بێ هه‌ردوولاى ڕ‌ازى بكه‌ین.
ئایا سانسۆر خستنه سه‌ر ئه‌و دیمه‌ن و ده‌نگه، كاریگه‌رى له‌سه‌ر بینه‌ر و په‌یامى فیلمه‌كه دروست ناكات؟
ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر زه‌وقى ئه‌و بینهرهى كه به په‌رۆشه‌وه دێت فیلمه‌كه ده‌بینێ، له كۆتادا ئه‌و بینه‌ره چه‌ند تێی ده‌گات یان چه‌ند چێژ له‌و فیلمه ده‌بینێت، چونكه سینه‌ماش زمانێكى تایبه‌ته، ڕاسته فیلمه‌كه مێژوویییه، به‌ڵام خه‌ڵك هه‌بووه له بوارى ئاینییه‌وه شاره‌زایی هه‌بووه، هێشتا له فیلمه‌كه نه‌گه‌یشتووه، دیمه‌ن هه‌بوو هه‌ندێك كاره‌كته‌رى نه‌ده‌ناسییه‌وه، هه‌ندێك ڕووداوى نه‌ده‌ناسییه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى له سینه‌ما جۆره گێڕانه‌وه‌یه‌ك هه‌یه ڕه‌نگه جیاوازى هه‌بێ له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ى چیرۆكى ئاسایی، من ئه‌وه‌م به‌دى كرد كه فیلمه‌كه تۆزێك له ڕووى فكرییه‌وه قورسه و به هه‌موو بینه‌رێك هه‌زم ناكرێت، له هه‌ندێك دیمه‌نى تێده‌گه‌ن، به‌ڵام له زۆر دیمه‌نى فیلمه‌كه‌ش تێناگه‌ن، مامۆستای ئاینى فیلمه‌كه‌ى بینیوه و تێنه‌گه‌یشتووه.
قسه‌تان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى زانا و مامۆستایانى ئاینى له‌و رووه‌وه هه‌یه؟
ناكرێت هیچ كه‌س خۆى بكاته خاوه‌نى ئه‌و ئاینه، چونكه ئه‌و ئاینه هى هه‌موو كه‌سێكه، ئێمه‌ش مسوڵمانین و باوه‌ڕمان به ئاینى خۆمان هه‌یه، له ڕوانگه‌ى منه‌وه ئه‌و فیلمه باشه ببینرێ، من خۆم وه‌ك هه‌زارانى تر زۆر كاریگه‌رم به‌و فیلمه، ره‌نگه یه‌كێكى تر پێى خۆش نه‌بێت، به‌ڵام ناكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى یه‌كێك پێى خۆش نییه یان تێى ناگات رێگرى له نمایشكردنى بكرێت، چونكه ئه‌وه سانسۆركردنى بیروڕاى به‌رامبه‌ره، بێ ڕێزییه به به‌رامبه‌ره‌كه‌ت، فیلمه‌كه تازه دروست كراوه، پێتخۆشبوو بیبینه، پێت‌خۆش نه‌بوو سه‌یرى مه‌كه. سوپاسى هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ش ده‌كه‌م له‌گه‌ڵمان ماندوو بوون له وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى و وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و یه‌كێتى زانایان، من ڕێزی ڕاى هه‌موویان ده‌گرم و پێویسته ئه‌وانیش رێز له رای ئێمه و جه‌ماوه‌ر بگرن، هه‌ر به‌خۆیان بڕیارده‌ر نه‌بن، ده‌بێ بینه‌ریش بیبینێ و حوكمى خۆى بدات.
ئایا ئه‌و نیگه‌رانییه‌ى مه‌لاكان له‌سه‌ر ئه‌و فیلمه، له‌به‌ر جیاوازى مه‌زه‌وى نییه وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ست بكه‌ن مه‌زه‌وى شیعه له‌و فیلمه‌دا زاڵ كراوه له‌كاتێكدا ئه‌وان سوننه‌ن؟
هه‌تا ئه‌گه‌ر وابێ، گریمان له شارى هه‌ولێر هه‌زار كه‌س شیعه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و فیلمه نمایش كرا بۆ ئه‌و هه‌زار كه‌سه ده‌بێ ڕێزیان بگرین، نابێت له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و فیلمه شیعه دروستى كردووه، ئێمه ڕكابه‌رى بكه‌ین. كورد سوننهیهكى توندڕۆ نییه، كورد سوننهیهكى میانڕۆیه، ئێمه له‌و سوننانه نین كه دژایه‌تى شیعه بكه‌ین.
هه‌ولێر- سه‌روین شێخانى