وێنه‌ی ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی له چاوی شوێنكه‌وتوو و موریده‌كانی وه‌ك باوكێكی رووحی شیعه‌ی عێراق و گرنگترین مه‌رجه‌عی شیعه له جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌و ئه‌گه‌رچی له بنه‌ڕه‌تدا پیاوێكی ئێرانییه، به‌ڵام به ڕێبه‌ری ڕه‌وتی شیعه‌ی میانڕۆ له جیهان هه‌ژمار ده‌كرێ و له دوای 2003 و ڕووخانی ڕژێمی به‌عس به یه‌كێك له كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تییه‌كان له عێراق هه‌ژمار ده‌كرێ و له‌سه‌ر ڕابه‌رایه‌تیكردنی جیهانی شیعه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی نائاشكرا له‌گه‌ڵ خامنه‌یی له ڕكابه‌ری و ململانێدایه.
مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف كه له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو به ته‌واوی له ژێر كاریگه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و خومه‌ینی و دواتریش خامنه‌یی بووه و باوه‌ڕی پته‌ویان به ده‌ستوه‌ردانی پیاوانی ئاینی و عهمامهبهسهرهكان له كاروباری سیاسی و ڕابه‌رایه‌تیكردنی كۆمه‌ڵگه له رووی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بووه، به‌ڵام دوای 2003 و ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و وه‌رگرتنی كلیلی حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف، به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئاراسته‌ی ئێران هه‌نگاوی نا و باوه‌ڕ و بیركردنه‌وه‌كانی پیاوانی ئاینی نه‌جه‌فی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی تر برد و به ته‌واوی له‌و هێله دووری خستنه‌وه، چه‌مكی ویلایه‌تی فه‌قێ ڕه‌ت كرده‌وه و له‌گه‌ڵ چه‌مكی ئامۆژگاریكه‌ر و ڕێنیشانده‌ری فهقێیهتییه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ بۆ سیاسییه‌كان و حوكمڕانی وڵات، كه ئه‌مه‌یش به ته‌واوی ئێرانی تووڕه و نیگه‌ران كردووه و خامنه‌یی و مه‌رجه‌عه‌كانی تری شیعه هیوا بۆ مه‌رگی سیستانی ده‌خوازن، تا كه‌سێكی تری شوێنكه‌وتووی خۆیان له شوێنی ئه‌و دابنرێت.
له نێو دڵی نه‌جه‌ف كه ئه‌و شاره قودسی و پیرۆزییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ سه‌رجه‌م شیعه‌كانی جیهان هه‌یه و له دووری چه‌ند مه‌ترێك له مه‌زاری ئیمام عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیب، به كۆڵانێكی ته‌نگه‌به‌ر له شه‌قامی "ڕه‌سوول" له خانووێكی بچووك و كۆن دا كه به‌كرێگیراوه، له ساڵی 1970ه‌وه سیستانی تێدا ده‌ژی، له كاتێكدا ئه‌و كاریگه‌ری به‌سه‌ر ملیۆنان شیعه له عێراق و جیهان هه‌یه، به تایبه‌ت مه‌زه‌وی دوازده‌یی شیعه.
له پشتی دیواره‌كانی ئه‌و خانووه كۆنه كه له ته‌واوی خانووه‌كانی نه‌جه‌ف جیایه و ههژارانهتر، عه‌لی
سیستانی تێیدا ده‌ژی و خۆی حه‌شارداوه و نایه‌وێ به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕووخساری ده‌ربكه‌وێ، به هیچ شێوه‌یه‌كیش ئاماده نییه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌ستوه‌ردان له سیاسه‌ت بكات، ته‌نیا له حاڵه‌تی پێویست و ته‌نگژه‌ی قورس‌دا نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له 2014 له دژی هێرشه‌كانی داعش به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ فتوایه‌كی ده‌ركرد و داوای جیهادی له شیعه‌كان له دژی ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه كرد.
چیرۆكی ئه‌و پیاوه ئاینییه له ساڵی 1930 ده‌ستی پێكرد، له شاری مه‌شهه‌دی ئێران له دایكبووه و له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونیشی ماڵباته‌كه‌ی ڕوویان كردووه‌ته تاران و له ژێر حوكمی ڕه‌زای شای په‌هله‌وی له تاران ژیاوه، كه به به‌رده‌وامی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی پیاوانی ئاینی ده‌دا، چونكه ڕه‌زا شا ده‌یه‌ویست هه‌مان سیناریۆی كه‌مال ئه‌تاتورك له ئێران دووباره بكاته‌وه و وڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و عه‌لمانیه‌ت و سیكۆلاریزم بگۆڕێت. له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا پیاوانی ئاینی شیعه به توندی رووبه‌ڕووی ئه‌و خواسته‌ی بوونه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پیاوانی ئاینی و ڕژێمی پاشایه‌تی، عه‌لی سیستانی بۆ خوێندن ڕه‌وانه‌ی شاری قوم كرا، كه به ناوه‌ند و مه‌كۆی پیاوانی ئاینی هه‌ژمار ده‌كرێ و سه‌ره ڕمی ململانێكانی نێوان به‌ره‌ی پیاوانی ئاینی و ڕژێمی شا بوو، پاشان سیستانی ڕووی له نه‌جه‌ف كرد و له‌وێ ده‌ستی به خوێندنی زیاتر له‌سه‌ر ده‌ستی ئایه‌توڵا ئه‌بی قاسم ئه‌لخوئی كرد، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستاكه‌ی زۆر پێشكه‌وت و كه ڕابه‌رایه‌تی شیعه‌ی دوازده‌یی ده‌كرد، به‌ڵام سیستانی زانست و ڕوانینه ئاینییه‌كانی مامۆستاكه‌ی وه‌رگرت و بیركردنه‌وه سیاسییه‌كه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه، چونكه ئه‌لخوئی له‌سه‌ر سیسته‌می شۆڕشگێڕی بوو له‌لایه‌ن پیاوانی ئاینی له دژی ده‌سه‌ڵاتداران و هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا كه ده‌سه‌ڵاتی ئاینی له وڵاته‌كان به‌رجه‌سته بكرێت.
پاش ئه‌وه‌ی سه‌دام له سه‌رده‌می جه‌نگی عێراق – ئێران داوا له ئه‌بی قاسمی ئه‌لخوئی ده‌كات، كه فتوایه‌ك ده‌ر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی شیعه‌كانی عێراق له دژی ئێران ده‌ست به جیهاد بكه‌ن و ده‌یه‌ویست ناكۆكی بخاته نێوان حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف و قومه‌وه، به‌ڵام ئه‌بی قاسمی ئه‌لخوئی ئه‌مه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه، له به‌رانبه‌ردا ڕژێمی به‌عس كه‌وته گیانی شوێنكه‌وتووه‌كانی و خۆیشی له ئه‌نجامی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كۆتایی به ژیانی هێنرا، قوتابییه‌كانیشی زۆربه‌ی له عێراق ده‌ركران، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیستانی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان بیری ده‌كرده‌وه، له حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف مایه‌وه و به‌رده‌وام بوو له گه‌شه‌پێدان به خۆی له ڕووی زانستی فیقهی و ئیسلامییه‌وه، له ساڵی 1992یش به پشتیوانی به‌عس بوو به ڕابه‌ری حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف و شوێنی مامۆستاكه‌ی گرته‌وه.
له كتێبێكدا به ناوی "سووده‌كانی فه‌قیه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای فتواكانی سیستانی" عه‌لی سیستانی دووپات له باوه‌ڕبوونی به ویلایه‌تی فه‌قێ ده‌كاته‌وه و به پێویستییه‌كی مه‌زه‌وی شیعه‌ی دوازده‌یی هه‌ژماری ده‌كات، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوازه‌ی كه ئێران جێبه‌جێی كردووه، كه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های به پیاوانی ئاینی داوه، تا ده‌ست له هه‌موو كاروبارێكی ژیان وه‌ربده‌ن، سیستانی ئه‌مه به ته‌واوی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی پیاوانی ئاینی له‌و سیسته‌مه فه‌قێیه‌ی كه ئه‌و له عێراق خواستی له‌سه‌ر هه‌یه، ته‌نیا له ڕووی شه‌ریعه‌تی ئیسلام و كاروباره ئاینییه‌كانه‌وه ده‌بێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێ پیاوانی ئاینی ده‌ستوه‌ردان له سیاسه‌ت بكه‌ن، له كاتی پێویست دا ته‌نیا ئامۆژگاری و ڕاسپارده‌یان بخه‌نه به‌رده‌م سیاسه‌تكار و ده‌سه‌ڵاتداران، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی وڵات به هێمی و ئاسایی بمێنێته‌وه.
له دوای ڕووخانی به‌عس زۆرێك له پیاوانی ئاینی سه‌ر به ئێران فشاریان له‌سه‌ر دروست كرد، كه له‌و باوه‌ڕانه‌ی پێشوو هه‌یبوو په‌شیمان ببێته‌وه و ڕازی ببێت، به كۆپیكردنی سیسته‌می ئێران له عێراق، وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاویش داوایان لێ ده‌كرد كه فتوا بۆ موقاوه‌مه و جیهادكردن له دژی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ربكات، به‌ڵام ئه‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ره‌ت كرده‌وه و ئیتر ئه‌و خواسته‌ی كه ئێران ده‌یه‌ویست نه‌هاته دی، له‌مه‌وه ناكۆكی و ململانێ و ڕكابه‌ری له نێوان حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف و قوم له‌لایه‌كه‌وه و خامنه‌یی و سیستانی به شاراوه‌یی دروست بوو.
سه‌ره‌ڕای كاریگه‌رییه زۆره‌كانی و گرنگی بۆ ڕاگرتنی له نێوان شیعه‌كانی عێراق به گشتی و نه‌هێشتنی زاڵبوونی ته‌واوه‌تی ئێران به‌سه‌ریان، به‌ڵام به به‌رده‌وامی پرسی دوای نه‌مانی سیستانی جێی باسوخواسی پیاوانی ئاینییه، چونكه ئه‌و ئێسته ته‌مه‌نی 91 ساڵه و ناتوانێ تا ههتایهیش بمێنێته‌وه، ئێران به ته‌واوی زاڵبووه به‌سه‌ر حه‌وزه‌كانی عیلمی له پاكستانه‌وه تا لبنان، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ته‌نیا بریتییه له حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف كه له هه‌موویان كاریگه‌ری زیاتری به‌سه‌ر جیهانی شیعه‌وه هه‌یه، مردنی ئه‌و پیاوه ئێرانییه له‌لایه‌ن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانه‌وه، هه‌میشه هیوا و ئاواتی بۆ ده‌خوازرێت، تا تاران نه‌جه‌ف كۆنتڕۆڵ بكات و ئه‌زموونی لبنان بۆ عێراق بگوێزێته‌وه، یان له لبنانیش په‌ره‌سه‌ندووتر، به ته‌واوی سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قێ له عێراق جێگیر بكات.