یانه‌ی چێڵسیی له‌نده‌نی و یانه‌ی واتفۆرد له خولی نایابی ئینگلته‌را بردنه‌وه‌ی گه‌وره‌یان تۆمار كرد، كاتێك فێستیڤاڵی گۆڵكردنی له تۆڕی ركابه‌ره‌كانیاندا سازدا.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌موو 23ی ئۆكتۆبه‌ر، له گه‌ڕی نۆیه‌می پرێمه‌رلیگدا یانه‌ی چێڵسی بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تۆمار كرد و گۆڵبارانی یانه‌ی نۆریچ سیتیی كرد.
یارییه‌كه له یاریگه‌ی چێڵسی "ستامفۆرد برێدچ" كرا، ئه‌ستێره‌ی یارییه‌كه ماسۆن مۆنت بوو، كه سێ گۆڵ "هاتریك"ی تۆمار كرد، گۆڵه‌كانی تریش هۆدسۆن ئۆدۆی، چیلوێل و گۆڵێكیش یاریزانی نۆریچ سیتی ماكس ئارۆن به هه‌ڵه له خۆیانی تۆمار كرد.
هه‌ر له یارییه‌كه‌دا و له خوله‌كی 65 بین گیبسۆن یاریزانی نۆریچ سیتی به كارتی سوور ده‌ركرا.
له یارییه‌كی تردا یانه‌ی واتفۆرد ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ی تۆمار كرد، كاتێك له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به ئه‌نجامی 5-2 گۆڵ له یانه‌ی ئێڤێرتۆنی برده‌وه.
ئه‌نجامه‌كه چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، ئه‌ستێره‌ی یارییه‌كه‌ش جۆشوا كینگ یاریزانی واتفۆرد بوو، كه سێ گۆڵ "هاتریك"ی تۆمار كرد.
گۆڵه‌كانی تریش بۆ واتفۆرد جۆرای كۆشكا و ئیمانوێل دینیس تۆماریان كرد.
هه‌روه‌ها گۆڵه‌كانی ئێڤێرتۆن تۆم ده‌یڤس و ریچارلیسۆن تۆماریان كرد.
ئه‌نجامه‌كانی تری ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه بوون:
لیدز یونایتد 1-1 ولڤه‌رهامتۆن
ساوسامتۆن 2-2 بێرنلی
كریستاڵ پاڵاس 1-1 نیوكاسڵ یونایتد