لە چەند هەفتەی رابردوودا ناكۆكییەكانی نیوان ئێران و ئازەربایجان زۆر زیادی كردووە، لە ئازەربایجان ئەو ماڵپەڕ و پەیجانە داخراون كە نزیكن لە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، لە بەرانبەردا خامنەییش بۆ یەكەم جار بە زمانی توركی ئازەربایجانی، پەیجێكی تایبەتیی لە تویتەر كردەوە.
دوای ئەوەی خامنەیی پەیجەكەی كردەوە، عەباس مووسەوی باڵوێزی ئێران لە باكۆ یەكەم كەس بوو پەیجەكەی فاڵۆ كرد. هێشتا بە وردی دیار نییە مەبەستی سەرەكی خامنەیی لە كردنەوەی ئەو پەیجە، ئەویش بە رێنووسی لاتینی ئازەری، چییە. یەكەم تویتی خامنەیی بەشێوە لاتینییەكەی بریتییە لە Rəhman və Rəhim Allahın adı ilə كە هەمان "بسماللە الرحمن و الرحیم” ـە.
پێشتریش خامنەیی 11 پەیجی بە زمانە بیانییەكان هەبووە لەوانەش عەرەبی، ئینگلیزی، فڕەنسی، ئیسپانی، هیندی، ئەڵمانی و توركی ئیستانبۆڵی.
بەگوێرەی
رادیۆ فەردا، چەند سەعاتێك بەر لەوەی كە خامنەیی پەیجەكە بكاتەوە، میدیاكانی ئازەربایجان رایان گەیاند كۆمەڵێك ماڵپەڕی نزیك بە خامنەیی رێبەری ئێران داخراون.
ئازەربایجان هەینی رابردووش دەرگای حوسەینییەیەكی داخست كە تایبەت بوو بە نوێنەری خامنەیی لە باكۆ
كۆماری ئازەربایجان هەینی رابردووش دەرگای حوسەینییەیەكی داخست كە تایبەت بوو بە نوێنەری خامنەیی لە باكۆ، هەرچەندە باڵوێزی هەردوو وڵات لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوای ئارامكردنەوەی دۆخەكەیان كردووە، كەچی هیچ دەرەنجامێكی نەبووە و ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن.
حكوومەتی ئێران لە پەرەسەندنی هەستی ناسیۆنالیستی ئازەربایجانییەكان زۆر نیگەرانە، چونكە بەشێكی بەرچاو لە دانیشتووانی ئێران ئازەربایجانین. بەشێك لە پارێزگاكانی ناوەند و باكوری رۆژئاوای ئێران، ئازەرین و داوای جیابوونەوەی ئازەربایجان دەكەن و بە ئازەربایجانی باشوور ناوی دەهێنن.
ئێران ترسی لەو هەنگاوە هەیە و توركیا و ئازەربایجانی بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی تۆمەتبار كردووە.