راگەیاندنكارێكی عێراقی: وەزیری ناوخۆی هەرێم تەنیا دوای دوو خولەك وەڵاممان دەداتەوە

:: PM:05:17:24/10/2021 ‌

لە میانی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی كەناڵی عێراقییەی نیوچە فەرمی، پێشكەشكارەكە رووی گلەیی لە هەندێك بەرپرسانی حكوومەتی عێراق دەكات، كە وڵامدانەوەیان وەك پێویست نییە بە پاساوی سەرقاڵیان، لەوكاتەی وەك نموونەیەكی سەركەوتوو و پێشەنگ ئاماژە بۆ وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، كە دوای چەند خولەكێك وەڵامی هەر بابەتێك دەداتەوە ئاراستەی كردبێت.

فایەق عقابی، پێشكەشكاری كەناڵی عێراقییە، باسی دەستوبردیی وەڵامدانەوەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بەرپرس و بەڕێوەبەر و وەزیرەكانی عێراقی پێ دەشكێنێتەوە كە دەبێت وەك ئەو وابن.
چەندان وەزیر باسی شتێكمان لەبارەیانەوە كردبێت، راستەوخۆ پەیامێك رەوانە دەكەن یان پێوەندی دەكەنەوە
عقابی دەڵێت، چەند جارێك پێوەندیمان بە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی واست كردووە و وردەكارییەكانمان پێی راگەیاندووە و لەگەڵمان دەرنەچووە، كە بە هاوشێوەی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی بەسرە و پارێزگەكانی تر بەرپرسیارەتی ئەوە، لەوكاتەی چەندان وەزیر لەسەر ئاستێكی باڵا و وەزارەتی سیادی، هەركاتێك باسی شتێكمان لەبارەی وەزارەتەكانیان كردبێت، راستەوخۆ پەیامێك رەوانە دەكەن یان پێوەندی دەكەنەوە.

ئەو پێشكەشكارە رووی گلەیی لە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی واست دەكات و لێی دەپرسێت، جیاوازیت لەگەڵ ئەو وەزیرانە چییە، ئەوانیش بێ ئیش نین، زیاتر لەوە لە هەرێمی كوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم، كاتێك باسی شتێكی بۆ دەكەم، دوو تا سێ خولەك حسێب دەكەم و وەڵامم دەداتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل