سبەی دووشەم وادەی لایەنگرانی هێزە شیعە دۆڕاوەكان بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان دیاری كردبوو بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییەكانیان كۆتایی دێت، بۆیە پێشبینی دەكرێ جەماوەری ناڕازی سەر بەو هێزانە هەڵبكوتنە سەر ناوچەی سەوز و لەبەردەم نووسینگەی سەرۆك وەزیران مان بگرن.
لەوكاتەی رەوتی سەدر ئەو هەڕەشەی لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بە گوشاری سیاسی و كاردانەوە بەرانبەر بە دۆڕاندن وەسف دەكات،
هاشم كندی، شرۆڤەكاری سیاسی نزیك لە میلیشیاكان دەڵێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەستی دەستی دەكا و تا ئێستە هیچ كاردانەوەیەكی وەك ئاماژە بۆ رێزگرتن لە داواكاری خۆپێشاندەران نەبووە، هاوكات ناتوانرێ تا كاتێكی نادیار چاوەڕوانی بكرێت تا كۆمسیۆن هەڵەكانی راست دەكاتەوە و داواكاری خۆپێشاندەران جێبەجێ دەكات، بۆیەیش چوارچێوەكە وادەیەكی بۆ كۆمسیۆن دیاری كرد.
پێشبینی دەكرێ لە دادگا نێودەوڵەتییەكان تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بدرێت
لەبارەی هەنگاوەكانی دوای كۆتاهاتنی وادەكە، گوتی، ئەگەرەكان كراوە دەبن، دیارترینیان چوونە ناو ناوچەی سەوز و گەیشتن بۆ بارەگای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و نووسنگەی سەرۆك وەزیران، چونكە هەمووان دەزانن ئەو لایەنانەن هۆكاری بەفیڕۆچوونی دەنگەكان و دەستكاریكردنیان بوون، گەلیش ناتوانێ واز لە مافەكانی بێنێت، بۆیە پێشبینی دەكەم لە دادگا نێودەوڵەتییەكانیش تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بدرێت.
كندی پێی وایە پەرەسەندنی داهاتوو گەیشتنی خەڵكە نارازییەكەیە بۆ نووسینگەی كۆمسیۆن و هەندێك فەرمانگەی حكوومەت بۆ ناچاركردنی حكوومەت بۆ رێزگرتن لە بژارەكانی گەل.
ئەو پەرەسەندنانە لەناو رێوشوێنێكی توندی تەناهی لە ناو و دەوربەری ناوچەی سەوز دێت، كە تەلار و بارەگاكانی حكوومەت و نێردە دیپلۆماسییەكانی لەخۆ گرتووە، ئەوە لەوكاتەی لە درەنگانێكی شەوی رابردوو بەشێك لە خۆپێشاندەران بەرەو دەروازەیەكی سەرەكیی ناوچەی سەوز پێشڕەویان كرد، بەڵام لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە رێگریان لێ كرا.
لەوكاتەی لە 17ی ئەم مانگەوە كەسانی لایەنگری هێزە دۆڕاوەكانی شیعە، بەتایبەتی میلیشیاكانی ئێران، وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستیان بە مانگرتن لە بەغدا لە نزیك دەروازەكانی ناوچەی سەوز كرد، هەینی رابردوو لیژنەی رێكخەری خۆپێشاندانەكان 72 سەعاتی وەك بوار بۆ كۆمسیۆن دا بۆ گێڕانەوەی دەنگە دزراوەكان بۆ خاوەنەكانیان، ئەگینا شێوازی تری ناڕەزایی وەردەگرن.