چی وای كردووە خەڵك زیاتر روو لە پارتی بكەن؟

:: PM:09:21:24/10/2021 ‌

پارتی دیموكراتی كوردستان لەوەتەی دامەزراندنیەوە تا ئێستەیش لەسەر هیڵێكی جێگیر لەسەر ئاستی سەركردایەتی و كادر و بنكە جەماوەرییەكەی و رێكخستن و دروشم و هەڵوێست و بەهاكانی هەنگاوی ناوە، رەنگە كارتێكەرە دەرەكییەكان ناچاری ئەوەیان كردبێت هەڵوێستێكی دیاریكراو وەربگرێت، بەڵام كارێزمایی و كارامەیی سەركردایەتییەكەی وای كردووە لە چوارچێوە نیشتمانی و نەتەوەیی و جەماوەرییەكەیەوە دەرنەچێت، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی؟، پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.

شوان شێخ ئەحمەد، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان تیشك دەخاتە سەر هۆكاری تۆكمەیی بنیاتی پارتی لە رابردوو و ئێستەیش و ئەو داهاتووە گەشەی چاوەڕوانی دەكات، كە وای كردووە رۆژ دوای رۆژ خەڵك زیاتر روو لە پارتی بكەن و ئەویش پێچەوانەی حزبەكانیتر تۆكمە و تۆكەمتر بێت بۆ "وشە"، گوتی، پارتی حزبێكی جەماوەرییە و هەر لە دروستبوونییەوە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لەناو حزبەكە شوێنیان بووەتەوە، متمانەی خۆی بەرانبەر بە میلەت نەدۆڕاندووە، هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانیدا بووە و سازشی لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردستان نەكردووە، بۆیە زۆرجار كە تووشی نسكۆ بووە، بنكە جەماوەرییەكەی پشتیوانی بووە، وەك ئەوەی 1975 رووی دا، جیا لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
تایبەتمەندیی فەرمانڕەوایەتی لە پارتیدا هەر هەبووە و لێی دەوەشێتەوە
زیاتر گوتی، لە هەڵبژاردنی دوای راپەڕین پارتی لەسەر ئاستی كوردستان لە هەموو حزبەكانیتر دەنگی زیاتری هێنا، دوای رووخانی سەدام و جەنگی داعشیش، بە هەموو هێز و توانای خۆی بەرگری لە خەڵك و قەوارەی سیاسی كوردستان كردووە، بۆیە جێی متمانەی خەڵكە، لەسەر پرسە نەتەوەییەكانیش زۆر پێداگرە و بۆ هەموو خەڵك روون بووەتەوە كە پارتی هیچ كاتێك شازشی لەسەر پرسە نەتەوەییەكان نەكردووە، لەوانەیە زۆرجار باجی ئەو هەڵوێستەیشی دابێت، بەڵام ئەنجامەكەی بە سەركەوتن بۆ خۆی و خەڵكی كوردستان كۆتایی هاتووە.

"ئەو بنكە جەماوەرییە فرەوانەی پارتی، جیا لە رێكخستنەكانی، هەوادارێكی زۆریشی هەیە، ئەوەیش وا دەكەن پارتی ببێتە ئەو حزبەی شایسەی فەرمانڕەوایەتی هەرێم بێت، هەرچەندە گلەیی و گازاندە لە پارتی و هەموو حزبەكانیتریش هەیە، بەڵام پارتی توانیویەتی ئەو بنكە و پێگەی خۆی بیپارێزێ و بەهێزتریشی بكات"، شوان شێخ ئەحمەد وای گوت.

پارتی جیا لە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی بەرانبەر پارچەكانی تری كوردستان و كوردانی رۆژهەڵات و باكور و رۆژئاوا و كردنەوەی باوەشی یارمەتیدانیان لە تەنگژەكانیان كە هەزاران كوردی ئەو پارچانە لە هەرێم سەربەرزانە دەژین، توانیویەتی سنووری نێوان پێكهاتەكانی كوردستانیش لاببات، بۆیە لەو هەڵبژاردنەی دوایی بە عەرەب و توركمان و كریستیان دەنگیان بە پارتی دا، هۆكارێكی تری تۆكمەیی پارتی و گەشانەوەی بە تێپەڕبوونی كات، كارێزمایی سەركردایەتییەكەیەتی، بەتایبەتی دانایی سەرۆك بارزانی، كە هیچ بڕیارێكی گەورە و بابەتێكی گرنگ لە هەرێم و عێراق و تەنانەت ناوچەكەیش بێ سەرۆك بارزانی و پارتی كۆتایی نایەت.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی كوردستان دووپاتی كردەوە، رۆڵی سەرۆك بارزانی لە هەرێمی كوردستان و لە عێراقیش دیارە، لەناو پێكهاتەكانیش هەرهەموویان چاویان لەو رۆڵەیە، بینیمان لەكاتی لێقەومان و شەڕی داعش، خەڵكێكی یەكجار زۆر روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، دوای هێوربوونەوەی دۆخەكە خەڵكەكە چوونەوە شوێنی خۆیان و هەیشیانە هەر لێرە ماوەتەوە، ئەوەیش یەكێكە لە خاڵە بەهێزەكان بەرانبەر دنیا دەرەوە، كە لەو شوێنەی پارتی تیادا باڵادەستە، پێكهاتەكان تەواوی مافەكانی خۆیان پێ دراوە و ژیانێكی ئازادانەیان هەیە، چونكە بڕوای تەواوی سەرۆك بارزانی ئەوەیە، بۆیە قەناعەتێكی زۆر دروست بووە لە هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكان و عێراق و دەرەوەیش كە پێكەوەژیان خاڵێكی بەهێزی هەرێمی كوردستانە و خەڵكەكە لە ئاسایشدا دەژین.

شوان شێخ ئەحمەد باسی كاریگەری ئەزموونی پارتی بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان وەك حزبێك لە هەموو بوارەكاندا بەرنامەی خۆی هەیە، دەڵێت، وەك پارتی ئەزموونی فەرمانڕەوایەتی لە ساڵانی حەفتاكانەوە هەبووە، ئەوكاتەی رێككەوتنی 11ی ئادار لەگەڵ عێراق كرا، ئەزموونی بەڕێوەبردنی شارەكان دروست بوو كە پێیان دەگوت ئۆتۆنۆمی، لە عێراقیش پارتی وەزیری هەبووە.

"ئەوە مانای ئەوەیە تایبەتمەندیی فەرمانڕەوایەتی لە پارتیدا هەر هەبووە و لێی دەوەشێتەوە، ئەو چەند ساڵەیش كە هەرێمی كوردستانی بەڕێوە بردووە، سەرەڕای كەموكورتییەكان، توانیویەتی نموونەیەكی زۆرباش پێشكەیش بكات و سیمای شارەكان جوانتر بكات، بۆیە زۆرینەی خەڵكی كورستان لەگەڵ پارتییە، ئێستە تاوتوێی ئەو دەنگانەی پارتی دەكرێت كە بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە، لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە قەناعەتەوە بێنەوە و پشتیوانی لەو حزبە بكەن كە جێگەی ئاوات و ئومێدی خەڵكی كوردستانە"، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی كوردستان وای گوت.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل