راهێنه‌ری یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد رای گه‌یاند سه‌ره‌ڕای خراپیی ئاستی تیپه‌كه‌ی، به‌ڵام ده‌ست له كار ناكێشێته‌وه.
شه‌وی رابردوو مانچێسته‌ر یونایتد له شكستێكی مێژوویی‌دا له پرێمه‌رلیگ، به ئه‌نجامێكی گه‌وره و به 0-5 گۆڵ له یاریگه‌ی خۆیدا به یانه‌ی لیڤه‌رپوول دۆڕا.
ئۆلی گونار سۆڵشایه‌ری نه‌رویجی و راهێنه‌ری مانچێسته‌ر یونایتد ده‌ڵێت: "گۆڵی چواره‌می لیڤه‌رپوول، یارییه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به ئێمه كۆتایی پێ هێنا".
گوتیشی: "ماوه‌یه‌كی زۆره له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌م و رێگه‌یه‌كی زۆرمان بڕیوه، ئێمه ئێسته له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان زۆر نزیكین، به‌ڵام ده‌ست له كار ناكێشمه‌وه".
سۆڵشایه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌ركه‌كه‌مان قورس بووه، یاریزانه‌كان بێ هیوا بوونه، به‌ڵام زۆر له یاریزانه‌كانی تیپه‌كه‌ش خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی خۆیانن".
سه‌باره‌ت به ئاستی خراپی تیپه‌كه‌ی، گوتیشی: "ده‌زانم له نزمترین ئاستداین، ناكرێت له‌وه زیاتر هه‌ست به خراپی بكه‌ین، با بزانین چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ین".
به دوور نازانرێن ئیداره‌ی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد سۆڵشایه‌ر له پۆسته‌كه‌ی ده‌ربكات، كه ماوه‌یه‌كی زۆریشه فشاری دوورخستنه‌وه‌ی له‌سه‌ره.
مان یونایتد، كه یه‌كه‌مجاره له مێژوودا به‌م ئه‌نجامه له یاریگه‌ی خۆیدا بدۆڕێت، ئێسته له خولی ئینگلیزی به 14 خاڵ له پله‌ی حه‌وته‌می ریزبه‌ندییه.