سێ وێستگەی كارەبا بەگەڕ دەخرێن كە توانای بەرهەمهێنانی 75 مێگاوات كارەبایان هەیە

:: PM:01:24:25/10/2021 ‌
گرێبەستێكی نوێ كرا بۆ بەگەڕخستنەوەی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە توانای بەرهەمهێنانی 75 مێگاوات كارەبایان هەیە. وێستگەكان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی لەكار كەوتبوون.
  
دیار تاھیر بابان بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی كارەبا لە ھەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، لە ساڵی 2001 سێ وێستگەی كارەبا لە ھەولێر و سلێمانی و ھەولێر كەوتنە كار و ھەریەك لەوانە بە رێژەیەك كارەبایان بەرھەم دەھێنا، بەڵام بەھۆی كەمی سووتەمەنی كە بە گازوایل كاریان دەكرد، لە ساڵی 2015 لەكار وەستان.

ئەو روونی كردەوە، جارێكی تر گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیاكان واژوو كردووە، بۆ ئەوەی ئەو سێ وێستگەیە بخەنەوە كار و دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا بكەن.

دیار تاھیر بابان دەڵێت، "ئێمە لە ھەرسێ وێستگە 75 مێگاوات كارەبامان دەست دەكەوێت، ئەمەش وا دەكات بەرھەمی كارەبا زیاد بێت."

سێ وێستگەی تر هەن كە بە تیشكی خۆر كارەبا بەرھەم دەهێنن، 18 كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی داوایان كردووە جێبەجێی بكەن


ئەو ئاماژەی دا سێ  وێستگەی تر هەن كە بە تیشكی خۆر كارەبا بەرھەم دەهێنن، 18 كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی داوایان كردووە جێبەجێی بكەن، ئێستە لێكۆڵینەوە لە تەندەرەكان دەكەن و تا كۆتایی ئەم مانگە دەدرێتە كۆمپانیاكان كە بۆ ھەر پارێزگایەك وێستگەیەكە، ئەوانیش 75 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن.

هاوكات داوا لە ھەموو وێستگەكان كراوە لە كوێ پێویستیان بەچاككردنەوە هەبوو داواكاری پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی زستان خۆیان ئامادە بكەن و زۆرترین سەعاتی كارەبا دابین بكەن.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان