نەیارانی رەوتی سەدر ژمارەیەك كاندید دەخەنە روو

:: PM:08:07:25/10/2021 ‌

دوای پەیامەكەی نەجەف بۆ هێزە شیعەكان بەوەی ناكرێ یەك لایەن بەتەنیا حكوومەتی نوێ پێك بێنێ و ناشكرێ ئەوانەی پێشتر لە دەسەڵات بن دووبارە دەسەڵات وەربگرنەوە، ئێستە شیعە بەدوای كاندیدێكی تەوافوقی دەگەڕێن هەمووان لێی رازی بن، لە كۆبوونەوەی دوێنێ چەند ناوێك خراوەتە روو.

وەك سەرچاوەیەك ئاماژەی كردووە، نەجەف بە هێزە شیعەكانی راگەیاندووە كە ناكرێت لایەنێك بەتەنیا حكوومەتی پێك بێنێت، ئەوانەیشی پێشتر لە دەسەڵات بوونە، ناكرێت بۆی بگەڕێنەوە، بەوەی رێگەی لەبەردەم گەڕانەوەی سەرۆكی حكوومەتەكانی پێشوو داخست.
ئەوانەی لە حكوومەتی سەدری دەترسن بەهۆی هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی ئەوانە
سەرچاوەیەكی تری سیاسی ئاگەدار نزیك لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی ماڵی نووری مالیكی دەڵێت، هێزە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن چەند كاندیدێكیان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو خستووەتە روو، لەوانەیش بۆ رەتی سەدر، چونكە بەپێی ئەو دۆخەی هەیە زەحمەتە سەدرییەكان بەتەنیا بتوانن كاندیدێك دیاری بكەن، بێ رەزامەندی لایەنەكانیتری بەشدار لە حكوومەتی داهاتوو.

زیاتر گوتی، بۆیە بەدوای كاندیدێكی تەوافوقی دەگەڕێن، ئەوەیش لە كۆبوونەوەكەی شەوی رابردوو باسی لێوە كراوە، لەوانە ناوی چەند كاندیدێك هێنراوە وەك قاسم ئەعرەجی و محەمەد شەیاع سوودانی و عەبدولحوسێن عەبتان، و تارق نەجم، بەو پێیەی ئەو ناوانە بخرێنە بەردەم سەدر بۆ زانینی بۆچوونی ئەو.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، پەیامەكەی مەرجەعیەتی نەجەف رێگەی لە گەڕانەوەی هەموو سەرۆك حكوومەتەكانی پێشوو داخست و وا پێویست دەكات كاندیدێكی تەوافوقی دیاری بكرێت، ئەو بابەتەیش لەگەڵ بۆچوونی سەدرییەكان دژ نییە.

لای خۆیەوە ئیبراهیم جابری، نوێنەری سەدر لە زیقاڕ گوتی، سەدر نایەوێ لە گرتنی دەسەڵات تاكڕەوی بكات و هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی دەدات لەسەر بنەمای هاوبەشانی وڵات، ئەوانەیشی لە حكوومەتی سەدری دەترسن بەهۆی هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی ئەوانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل