"شاسوار پیاوی فەیسبووكە و با بچێت پارەی خاوەن پشكەكان بداتەوە"

:: PM:08:50:25/10/2021 ‌

ئەندامێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، شاسوار عەبدولواحید پیاوی فەیسبووكە و ئەو قسانەی دەیكات تەنیا بۆ فریودانی خەڵكە، دووپاتی كردەوە، كەسێكی قەرزدار كە سەدان ملیۆن دۆلار پارەی حكوومەت قەرزدارە و هەزاران خاوەن پشكی تووشی نەخۆشی دەروونی كردووە، با بچێ پارەی ئەوان بداتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم رێبوار بابكەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید با موزایەدە نەكا و دوو شت هەیە بیكات زۆر كاری باش دەبێت، با قەرزی هاووڵاتییان بداتەوە، كە لە پشكی چاڤی لاند بە هەزاران خەڵك پارەی ماڵ و منداڵیان هێنا و خستیانە دەستی، كەچی ئامادە نییە یەك دیناریان بداتەوە و دوای هەشت ساڵ قازانجی بەسەریاندا دابەش نەكردووە و هیچ زانیارییان پێ نادات.
پارەی حكوومەت بداتەوە دەیان و سەدان پڕۆژەی گرنگی پێ ئەنجام دەدرێت
زیاتر گوتی، شاسوار قەرزێكی تری لەسەرە كە ئەگەر بیداتەوە، خزمەت بە هەموو هاووڵاتییان و مافی گشتی دەكات، ئەویش قەرزی حكوومەتە، كە سەدان ملیۆن دۆلارە و ئەگەر ئەو پارەی لە كاتی تەنگژەی دارایی بدایەتەوە بە حكوومەت، خزمەتێكی گەورەی دەكرد، ئێستەیش ئەگەر ئەو پارە بداتەوە حكوومەت بەدەیان و سەدان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی پێ ئەنجام دەدات.

بابكەیی ئاماژەی كرد، لەم چەند رۆژەدا گوایە شاسوار باسی هاوردەكردنی بەنزینی كردووە كە ئەگەر حكوومەت هاوكاری بكات، ئامادەیە بەنزین بە نرخی هەرزان هاوردە بكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش هاتە سەرخەت و بڕیاری پێدانی مۆڵەتی دا و حكوومەتیش بڕیاری دا لە باج و رسومات لێخۆشبوونی بۆ بكات، بەڵام دەركەوت تەنیا بۆ گێلكردنی خەڵك و چاوبەستی خەڵك، وەك هەمیشە دەیەوێ كەسانێك لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە.

باسی لەوەیش كرد، لە ماوەی رابردوودا كاری فریودانی خەڵكە بە هەندێ قسەی بێ بنەما و بێ سەروبەر، شاسوار پیاوی فەیسبووكە، بەڵام كاتێك رێگەی بۆ چۆڵ دەكرێت، راستی خۆی دەردەخات و دەردەكەوێت چۆن موزایەدە دەكات، ئەوەی گرنگە دەبێ خەڵك ئەوە بزانێ كە شاسوار قسەی فەیسبووكی دەكات.



وشە - تایبه‌ت