ماوەی چەندان ساڵە هاووڵاتی و دانیشتووانی شارەدێی سیدەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، داوای بەشارۆكەكردنی شارەدێكەیان دەكەن، بەگوتەی توێژە جیاجیاكانی دەڤەرەكە، سیدەكان هەموو مەرجێكی بەشارۆكەبوونی تیادایە، لە رووی ژمارەی دانیشتووان و رووبەری جوگرافیا، ئەوەیش شایستەی بەشارۆكەبوونی دەكات.
ئاواز شێرزاد، ئەندامێكی لیژنەی بەشارۆكەكردنی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بە هەستكردن بە بەرپرسیارەتی و پێویستی بوونی سیدەكان بە شارۆكە، لیژنەیەكمان پێك هێناوە و سەردانی چەندان شوێن و لایەنی پێوەندیدارمان كردووە، روونی كردەوە، سورین لەسەر ئەوەی سیدەكان لە شارەدێوە بكرێتە شارۆكە، كە ئەوەیش سوودی زۆری بۆ بوژانەوە و ئاوەدانی ناوچەكە دەبێت .
سوودی زۆری بۆ بوژانەوە و ئاوەدانی ناوچەكە دەبێت
روونی كردەوە، سیدەكان لە ساڵی 1932 هاوكات لەگەڵ دهۆك بووەتە شارەدێ، كە ئێستە دهۆك پارێزگایە، ئەوەیش جێی سەرنجە كە بۆچی سیدەكان دەبێ وەك شارەدێ بمێنێتەوە لەكاتێكدا فراوانترین رووبەری هەیە لەسەر ئاستی گشت شارەدێیەكانی تری كوردستان و عێراق.
ئەو ئەندامەی لیژنەی بەشارۆكەكردنی سیدەكان دووپاتی كردەوە، سیدەكان هەموو مەرجەكانی بەشارۆكەبوونی تیادایە، كە خۆی لە ژمارەی دانیشتووان و فراوانی رووبەروو و بوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و گەشتوگوزار و چەندان هۆكاری تر دەبینێتەوە .
"سەردانی مەیدانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی سیدەكان و قایمقامیەتی سۆران و نووسینگەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێرمان كردووە، دواتر داواكاریی دەستەی بەشارۆكەكردنی سیدەكان بە نووسرای فەرمی گەیەندراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەنگاوی پێویستتر دەنێین بۆ ئەو بابەتە"، ئاواز شێرزاد وای گوت.
هەر لەو بارەوە سەوری عیسمەت بێرۆخی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، ئامانجی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بە مەبەستی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕییەكان و نەهێشتنی رۆتین و ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتییان، لە ماوەی ئەمساڵدا سۆران و زاخۆی بكرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ، هەروەها ماوەی چەند رۆژێكیشە شارەدێكانی عەنكاوە و پیرمام لە هەولێر كران بە شارۆكە .
زیاتر گوتی، لە ماوەی رابردوو داواكاریی دانیشتووانی سیدەكان لە رێگەی لیژنەیەك بە ئەنجوومەنەكەمان گەیشت، ئێمەیش پشتگیری داواكارییەكەمان كرد و بە نووسراوێكی فەرمی بۆ پارێزگا بەرزمان كردووەتەوە، بە مەبەستی بەشارۆكەكردنی، چونكە سیدەكان بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی كە گەورەترین شارەدێیە لە رووی رووبەر و رێژەی دانیشتووان و زیاتر لە 250 گوندی هەیە، واتە هەموو مەرجێكی بەشارۆكەبوونی تیادایە .
بێڕۆخی دووپاتی كردەوە، دڵنیاین كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، سیدەكانیش دەكاتە شارۆكە، چونكە نیازی ئەو كابینەیە نەهێشتنی ئاستنەگە لەبەردەم كاروباری كارگێڕیی هاووڵاتییان و پێشكەیشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر و بەڕێوەچوونی كاروباری كارگێڕییەكان لە ناوچەكانی خۆیاندا .
سیدەكان كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان كوردستان، توركیا و ئێران، بە دووری 144كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ و خاوەنی 250 گوندە و رێژەی دانیشتووانی نزیكەی 20 هەزار كەسە .
سیدەكان/ موڕشید برادۆستی