ئەمەریكا بەرپرسیارێتیی هێرشی درۆن بۆ سەر هێزەكانی خستە پاڵ ئێران

:: AM:09:29:26/10/2021 ‌
بەرپرسانی ئەمەریكا بەرپرسیارێتیی هێرشی چەند فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكا لە سووریایان خستە پاڵ ئێران، هەرچەندە فڕۆكەكان لە ئێرانەوە نەفڕیبوون، بەڵكو لە شوێنێكی ترەوە ئەمەریكییەكانیان كردبووە ئامانج.

دوای لێكۆڵینەوە لە پاشماوەكانی درۆنەكان دەركەوتووە، بەرهەمی ئێران بوون، كە ژمارەیان پێنج درۆنی بۆمبڕێژكراو بوو و بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە تۆنۆفیان كردبووە ئامانج.

سەرەتای ئەم هەفتەیە راگەیەنرا بنكەیەكی سەربازیی هێزەكانی ئەمەریكا لە باشووری سووریا، كرایە ئامانجی میلیشیاكان، بەڵام هیچ قوربانییەكی لێ نەكەوتبووەوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بنكەكەی ئەمەریكا كەوتووەتە نزیك سنووری نێوان عێراق و سووریا و ئوردن. بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2016 بنكەكە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزرا.

بووەتە بەشێك لە ستراتیجیی ئەمەریكا بۆ دوورخستنەوەی هێزەكانی سەربە ئێران لە ناوچەكەدا


بنكەكە بووەتە بەشێك لە ستراتیجیی ئەمەریكا بۆ دوورخستنەوەی هێزەكانی سەربە ئێران لە ناوچەكەدا. لە نزیك بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا هەندێك هێز و میلیشیا هەن كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن.

بەرپرسانی سووریا چەندان جار داوایان لە ئەمەریكا كردووە خاكی وڵاتەكەیان جێ بهێڵێت، بەڵام ئەمەریكا گوێی بە سووریا نەداوە و گوتوویەتی هیچ بەرنامەیەكیان بۆ كشانەوەی هێزەكان نییە.

ئەمەریكا لە سووریا تەنیا ئەو بنكە سەربازییەی نییە، بەڵكو كۆمەڵیك بنكەی سەربازیی تری هەیە كە كەوتوونەتە رۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات كە زۆرینەیان كوردن، جۆرێك هاوپەیمانێتییان دژی داعش دامەزراندووە.



وشە - سلێمان تاشان