ژنێك لەكاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران مانگێكە گیراوە و چارەنووسی نادیارە

:: AM:09:53:26/10/2021 ‌
زیاتر لە مانگێكە ژنێك كە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران گەڕاوەتەوە و منداڵێكی تەمەن چوار ساڵیشی پێ بووە، لەلایەن ئیتڵاعاتی ئێران گیراوە و چارەنووسی نادیارە.

ئەو ناوی میترا تەقیپوورە و لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعاتی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی كوردستان گیراوە. لە كاتی گەڕانەوە منداڵێكی تەمەن چوار ساڵی پێ بووە بە ناوی مێهرسام رەسووڵی و منداڵەكەش لەگەڵیدا گیراوە. 

بنەماڵەكانی رسووڵی و تەقیپوور لە چارەنووسی ئەوان بێ ئاگان و لەم رووەوە نیگەرانییان دەربڕیوە. بەگوێرەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەوان لەلایەن ئیتڵاعاتی ئیلامەوە رادەستی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئیسفەهان كراون.

میترا تەقیپوور بڕوانامەی ماستەری زمان و وێژەی فارسی هەیە و دانیشتووی ئیسفەهانە. ئەو 24ی ئەیلوولی رابردوو كە دەكاتە ڕۆژی هەینی، لە كاتی گەڕانەوە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان،  لە سنووری مێهران كە سەربە پارێزگای ئیلامە، لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعات دەستبەسەر كراوە.

هەشت رۆژ لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئیلام لێپرسینەوەیان لێ كراوە


یەكێك لە نزیكەكانی ئەم ژنە بە سەرچاوەكەی راگەیاندووە، میترا و منداڵەكەی بۆ ماوەی هەشت رۆژ لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئیلام لێپرسینەوەیان لێ كراوە و شەوانەش رەوانەی گرتووخانە كراون.

ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئیلام لە ڕێی پێوەندییەكی تەلەفۆنی، بنەماڵەی تەقیپووری لە دەستبەسەركردنی كچەكەیان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام كاتێك بنەماڵەكەی سەردانی ئیلامیان كردووە، پێیانیان ڕاگەیاندووە كە میترا تەقیپوور و منداڵەكەی لای ئەوان بوون و دواتر رادەستی ئیتڵاعاتی سوپای ئیسفەهان كراون. هاوژینی میترا خەڵكی سەقزە و دانیشتووی هەرێمی كوردستانە. 


وشە - سلێمان تاشان