لە بازاڕێكی ئەمەریكا تەقە دەكرێ و كوژراو و بریندار هەیە

:: AM:09:56:26/10/2021 ‌
پۆلیسی ئەمەریكا رای گەیاند، سەرلەبەیانیی زووی ئەمڕۆ لە بازاڕێكی ویلایەتی ئیداهۆی ئەمەریكا، تەقە كراوە و بەهۆیەوە دوو كەس كوژران و چوار كەسی تریش بریندار بوون. گومانلێكراوێكیش گیراوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 26ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی پۆلیسی ویلایەتی ئیداهۆ لە ئەمەریكا، سەرلەبەیانیی زووی ئەمڕۆ لە بازاڕی "داون سكویر" لەلایەن چەكدارێكی نەناسەوە، تەقە كراوە، دوو كەس كوژراون و چواری تریش بریندارن. تا ئێستە هۆی تەقەكردنەكەیش ئاشكرا نەكراوە.

رایان لی كە ئەفسەری پۆلیسە لەو ناوچەی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، رووداوەكە سەرلەبەیانیی زووی ئەمڕۆ سێشەم رووی داوە، دوو كەس كوژراون كە یەكیان ئەفسەری پۆلیسە و ئەوانی تریش هاووڵاتیی سڤیلن، كەسێكیش گیراوە كە گومان دەكرێ ئەو تەقەكەی كردبێت.

تا لێكۆڵینەوەی رژد لە رووداوەكە نەكرێت، هۆی رووداوەكە و تاوانباریش ئاشكرا ناكرێت.


ئەو ئەفسەری پۆلیسە ئامادە نەبوو نە ناوی گومانلێكراوەكە و رەگەزەكەی ئاشكرا بكات، تەنیا گوتی تا لێكۆڵینەوەی رژد لە رووداوەكە نەكرێت، هۆی رووداوەكە و تاوانباریش ئاشكرا ناكرێت.

شاهیدحاڵێكیش كە لە بازاڕەكە بووە و بە رۆژنامەی "ئیداهۆ ستیتسمان"ی گوتووە، تەنیا گوێم لە چەند تەقەیەك بوو، پیاوانی ئاسایشی بازاڕەكە لەوێیان دوور خستمەوە. تەقەكان لەناو بازاڕەكەدا كران و چەند كەسێكیش بەركەوتبوون، تا ئەوكاتەی پۆلیس گەیشتنە بازاڕەكە.

بازاڕی "تاون سكویر" دەكەوێتە رۆژئاوای شاری لبویزی كە دەكاتە پایەتەختی ویلایەتی ئیداهۆ. 250 هەزار كەس لەو شارەدا دەژین.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د