بەنزینخانەكان و تابلۆكانی رێكلامی حكوومەتی ئێران هاك كران

:: PM:04:19:26/10/2021 ‌
بەنزینخانەكانی ئێران بە سیستمێكی مەركەزی ئەلیكترۆنی كار دەكەن و بۆ دابەشكردنی بەنزین، پشت بە كارتی ئەلیكترۆنی دەبەستن، بەڵام لەپڕ وەستان و پەیامێك لەسەر شاشەی بەنزینخانەكان دەركەوت كە نووسیبووی "خامنەیی كوا بەنزینەكەمان؟".

رووداوەكە ئەمڕۆ سێشەم 26ی تشرینی یەكەم رووی داوە و یەكەم جار ئیسنا هەواڵی هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر بەنزینخانەكانی بڵاو كردەوە، بەڵام دواتر خێرا هەواڵەكەیان سڕییەوە.

 لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كۆمەڵیك وێنە بڵاو كرانەوە كە پەیامی هاككردنەكەیان بڵاو كردووەتەوە، پرسیاری ئەوە كراوە "خامنەیی كوا بەنزینەكەمان؟" . جگە لە بەنزینخانەكان، تابلۆی ئەلیكترۆنی سەر شەقامەكانیش هاك كراوە و هەمان پەیام خراوەتە ڕوو.

حكوومەتیش بە توندی سەركوتی كردن و سەتان كەسی خەڵتانی خوێن كرد

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لە پەیامەكەدا داخوازی دوو ساڵ لەمەوبەری خۆپێشاندانەكانی ئێران بیر خراوەتەوە كە بەهۆی گرانكردنی بەنزین سەری هەڵدا، حكوومەتیش بە توندی سەركوتی كردن و سەتان كەسی خەڵتانی خوێن كرد. ئەوكات حكوومەت نرخی بەنزینی 200% گران كرد و توورەیی خەڵكی لێ كەوتەوە.

هەمووی مانگێك نابێت كە هێرشی ئەلیكترۆنی كرایە سەر گرتووخانەی ئێڤینی تاران، بەهۆیەوە هەرچی وێنەی تۆماركراوی گرتووخانەكە هەبوو، كەوتە دەستی هاككەرەكان و گورزێكی كاریگەر لە رووخساری كۆماری ئیسلامیی ئێران درا و دەركەوت گیراوانی ئێران بە چ شێوەیەك ئەشكەنجە دەدرێن.



وشە - سلێمان تاشان