پرسبڕكێی فەهمی كاكەیی بڵاو كرایەوە

:: PM:07:23:26/10/2021 ‌

یەكێك لە بوارە گرنگەكانی كتێبخانەی كوردی، ئەدەب و رۆشنبیری منداڵانە، كە چەندان نووسەر لە بوارەدا ئەسپی خۆیان تاو داوە، فەهمی كاكەیی، نووسەری ناودار كتێبێكی خنجیلانەی بەناوی پرسبڕكێ بۆ منداڵان لە تەمەنە جیاجیاكان دەخاتە ناو كتێبخانەی كوردی.

لەو بارەوە فەهمی كاكەیی بە "وشە"ی گوت،  كتێبەكە بەناوی "پرسبڕكێ"یە و لە دووتوێی 144 لاپەڕەدایە، دیزاینی بەرگەكەی لەلایەن هیوا كاكەییەوە بۆ كراوە و ئەمرۆ سێشەم لەلایەن كۆمپانیای  بڵاڤ پەیكەوە بڵاو كرایەوە.

زیاتر گوتی، "پرسبڕكێ"،  پرسیارە بۆ منداڵان، بۆ تەمەنی جۆراوجۆر دانراون و زیاتر بۆ تەمەنی 12 تا 16 ساڵانە، دووپاتی كردەوە، پرسیار یەكێكە لە هۆیەكانی فێربوون، كاتێك مرۆڤ لەناو كۆمەڵێك خەڵكدا دادەنیشێ و یەكێك لە دانیشتووان پرسیارێك دەكات، هەر ئەندامێكی دانیشتنەكە پێی خۆشە وەڵامی پرسیارەكە بزانێ و بیداتەوە.
جگە لە وەرگرتنی زانیاری دەبێتە هۆی دروستبوونی دیالۆگ لە نێوان قوتابی و مامۆستا
ئەو نووسەرە دەڵێت، وەڵامدانەوەی راست جۆرە دڵخۆشییەك بە وەڵامدەر دەبەخشێت، ئەوانەیشی وەڵامە راستەكەیان نەدەزانی، بەم شێوەیە فێری زانیارییەكی نوێ دەبن، جا بۆچی لە بوارەكانی زانست و رۆشنبیریی گشتیدا ئەم جۆرە مێتودە بۆ فێربوون و فێركردن بەكار نەهێنرێت؟

كاكەیی زیاتر روونی كردەوە، ئەم كتێبە زیاتر بۆ دەوڵەمەندكردنی زانیاریی منداڵانی دەرەوەی وەڵات ئامادە كراوە، بەڵام بۆ منداڵان و مێردمنداڵانی كوردی هەر شوێنێكی تریش دەگونجێت، پرسیارەكان بۆ تەمەنی جۆراوجۆر دانراون، زیاتر بۆ تەمەنی 12- 16 ساڵانە و كتێبەكە بەكەڵكی كۆڕ و كۆمەڵی خێزانیش دێت، بۆ ئەوەی پێكەوە لە رێی وەڵامدانەوەی پرسیارەكان كاتێكی خۆش بەسەر ببەن.

"وشەی "پرسبڕكێ"م بەكار هێناوە بۆ ناوی كتێبەكە، كە بە مانای (پێشبڕكێی پرسیاران) دێت لە جیاتی (Quiz)ی ئینگلیزی، ئەم وشەیە پێشتر نەبیستراوە، بۆیە رەنگە كەمێك نامۆ بەر گوێ بكەوێت، بەڵام پڕ بە پێستی ناوەڕۆكی كتێبەكەیە، جگە لە زانیارییەكانی ناو كتێبەكە، ئەم جۆرە كتێبانە دەبنە هۆی دروستبوونی دیالۆگێكی زۆر لە نێوان خوێندكار و مامۆستا، هیچ نەبێت بەشێك لە خوێندكاران بە هۆكاری جیاواز، بەدواداچوون بۆ بەشێكی ئەو زانیارییانە دەكەن، ئەوەیش پانتایی بیركردنەوەكانیان فراوانتر دەكات"، فەهمی كاكەیی وای گوت.

شارەزوور/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل