سوننە هەوڵی یەكگوتاری لە بەغدا دەدەن

:: PM:08:34:26/10/2021 ‌

پێ دەچێت ناكۆكییەكانی ناو ماڵی سوننە بەرەو گفتوگۆ چووبێت، كاتێك دوو لیستی براوەی "تەقەدوم"، بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و "عەزم"، بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، لە گفتوگۆدان و دەیانەوێ بە هاوشێوەی كورد بچنە بەغدا، بەڵام رەنگە ئەوە لە بەرژەوەندی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەلایەن حەلبوسییەوە نەبێت. 
خالد عوبێدی و مەحموود مەشهەدانی و تەڵاڵ زەوبەعی و محەمەد حەلبووسی و محەمەد تەمیم كاندیدی سوننەن
بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە خەمیس خەنجەر، ئەگەری هەیە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا راگەیاندنی هاوپەیمانیەتێكی هاوبەش لە نێوان "تەقەدوم" و "عەزم"، بەفەرمی بێتە راگەیاندن، بەو شێوەیە سوننە دەتوانن بەیەك فراكسیۆن بچنە ناو لێكگەیشتنی سیاسی لەگەڵ لایەنەكانیتر، ئەوەیش دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتای پەسندكراوی هەڵبژاردنەكە.

بەپێی سەرچاوەكە كۆبوونەوەی هەردوولا بەردەوامە بۆ رێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی ناوخۆی بۆ فراكسیۆنەكە و یەكگتوتاری و دیاریكردنی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، لەوكاتەی هەردوو هاوپەیمانی چاویان لە پۆستەكەیە، بەڵام چانسی "تەقەدوم"، زیاترە بەهۆی ئەنجامە باشەكەی لە هەڵبژاردن. 

بەپێی سەرچاوەكان چەند سیناریۆیەك بۆ دۆخی ناو ماڵی سوونە هەیە، لەوانە كاندیدكردنی هەریەك لە خالد عوبێدی یان مەحموود مەشهەدانی یان تەڵاڵ زەوبەعی بۆ پۆستەكە لە بەرانبەر بەوەی "عەزم"، دەستبەرداری تەواوی پۆستەكانی حكوومەت بێت بۆ "تەقەدوم"، لەوكاتەی لەناو "تەقەدوم"، كێبەركێ لەنێوان محەمەد حەلبووسی و محەمەد تەمیم هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك پەرلمان. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل