ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی باڵای هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە

:: PM:09:17:26/10/2021 ‌

ئەمڕۆ شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی هەولێری كرد و بە ئامادەبوونی شاندێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەگەڵ شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێی چەند بابەتێكی گرنگیان كرد، لەوانە میكانیزمی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكان.
      
دوای گەیشتنی شاندەكەی بەغدا، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەبارەی میكانیزمی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش بۆ كۆنترۆلكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ شاندی وەزارەتی پێشمەرگە كۆ بوونەوە.
هاوپەیمانان بەڵێنی بەردەوامی لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی عێراق دەدەن
شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی فەریق جەمال محەمەد، سوپاساری پێشمەرگە و شاندی باڵای هێزە هاوبەشەكانی عێراق بە سەرۆكایەتی فەریق روكن عبدولئەمیر ئەلشمەری، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق بوو.

لە كۆبوونەوەكە كە بە ئامادەبوونی شاندی هاوپەیمانان بەڕێوە چوو، باس لە دوایین هەنگاوەكانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق كرا، بۆ پڕكردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە بۆشاییە تەناهییەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكان، هەروەها باس لە بەڕێوەچوونی كارەكانی بنكەكانی هاوئاهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولا كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا هاوپەیمانان بەڵێنیان دا لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی عێراق بەردەوام بن، بەتایبەتی لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش، هاوكات هەردوولا دووپاتیان لە بەردەوامیی هاوئاهەنگی نێوانیان كردەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل