توێژەرێكی سیاسی پێی وایە، شاسوار عەبدولواحید كەسێكی قەبارە گەورە نییە، كارەكانی لە چوارچێوەی خزمەتكردنە بە كۆمپانیا و بە پارەكانی خۆڵ دەكاتە چاوی هاووڵاتییان و چەواشەكاری دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئۆكتۆبەر، شیاو سەردار توێژەری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئامانجەكانی شاسوار عەبدولواحید روونە، پێویست ناكات بچیتە ئاستی قەبارەی ئەو كەسە، چونكە لەو ئاستەدا نییە، ئەو گەورەبوونەی شاسوار كاتییە، ئەو جووڵانەوەیە دنیابینییەكی روونی نییە بۆ حوكمڕانی، پڕۆژەیەكی گشتگیری نییە، ئەوەی هەیە كار لەسەر جووڵاندنی هەستی هاووڵاتییان دەكات.
ئەوەشی گوت، هیچ رۆڵێكی نییە بۆ خزمەتكردن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان، ئەوەشی دەیكات هەمووی سیاسەتی پۆپۆلیستییە كە لە دنیا باوی نەماوە، شاسوار كاری پێ دەكات، زیاتر بازرگانی دەكات و خۆی دەسەپێنێت لە كایەی سیاسی لە عێراق، دەیەوێت لەو رێیەوە بازاڕگەرمی بۆ خۆی پەیدا بكات و پارەكانی زیاتر بكات.
شاسوار كارێك ناكات خزمەت بە خەڵك بكات
ئەو باسی لەوەش كرد، شاسوار كارێك ناكات خزمەت بە خەڵك بكات، هەمووی موزایەدەیە بۆ داپۆشینی ئەو كارانە و ئەو قەرزانەیە كە لەسەریەتی، سیاسەتی خستووەتە چوارچێوەی خزمەتكردن بە كۆمپانیا و سەرمایەكەی، لە ناو خەڵكی سلێمانی زۆر دیار نییە و ناتوانێ خزمەت بكات و فەشەل دەهێنێت.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوە كرد، ئەگەر حكوومەت مۆڵەتی پێ بدات، بەنزین هاوردە دەكات و بە نرخی 475 دینار دەیفرۆشێتەوە بە هاووڵاتییان، حكوومەت ئامادەیی پێشان دا و بڕیاریشی دا لە باج و رسوومات لێی خۆش بێت، بەڵام هەرزوو پەشیمان بووەوە و ئامادە نەبوو ئەو كارە بكات.
وشە/ تایبەت