هەنگاوی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بە پێشڕەوی هێزەكانی پێشمەرگە لە دەوروبەری خازر و بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستی پێكرد.
شێخ سدێد سەخەر سەلمان لهێبی یاریدەری فەرماندەی باشووری مووسڵی حەشدی نیشتمانی لەبارەی رۆڵی حەشدەكەیان لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ، بۆ "وشە" رای گەیاند كە ئەوان ئامادەن بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەكە لە دوای داعش. ئەو دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی بەشدار لەو پرۆسەیە شوێنی خۆیان گرتووە و هەریەك لە هێزەكان لە شوێنی خۆیەوە پێشڕەوی دەكات.
لەبارەی هێزەكانی بەشدار لەو پرۆسە سەربازییەدا ئاماژەی كرد، هەریەك لە سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ و پۆلیسی پارێزگای نەینەوا و دژەتیرۆری عێراق و سوات و فیرقە 17 و سەركردایەتی كردەوەگەلی نەینەوا، بێجگە لە هێزەكانی حەشدی نیشتمانی (پاسەوانی مووسڵ) كە لە باشووری شارەكەن، ئەوانیش بەشداری دەكەن.
دووپاتی كردەوە كە ئەوان ئەگەر فەرمانیان پێ كرا بەشداری دەكەن و ئامادەشن بۆ ئەو كارە و ئێستە هەماهەنگییەكی گەورەیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە بۆ ئەو مەبەستە. ئەو دووپاتی كردەوە كە لە 28ی تشرینی یەكەمی 2014 لە پاڵ پێشمەرگە لە سەنگەردان.
لەبارەی بەشداری حەشدی شەعبی لە جەنگەكەدا رای گەیاند، بەڵێ رەنگە ئەوانیش بەشداری بكەن، چونكە ئێستە هەمووان بەهاوشێوەی سوپان و لە جەنگدان.
لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ رەوتی جەنگەكە بەتایبەتی دۆخی ناوەخۆی شاری مووسڵ رای گەیاند، بەڵێ پێشبینی دەكەین كە شۆڕش و راپەڕین لەلایەن خەڵكی شارەكە روو بدات، ئەو دووپاتی بوونی هەماهەنگییەكی باشی لەگەڵ پێكهاتەكانی ناوەخۆی مووسڵ كردەوە و ئاماژەی كرد كە چەندان هێز هەن لەناو مووسڵ چالاكییان كردووە و خۆشیان بۆ زیاتر ئامادە كردووە و چاوەڕوانی گەیشتنی هێزەكان بۆ نزیك مووسڵ دەكەن.
لەبارەی دۆخی مووسڵ لە دوای داعش و رێكخستنی كاروباری ژیان لەوێ، رای گەیاند كە بەڵێ رێككەوتن هەیە و ئەركەكان لە ئێستەوە دابەش كراون. ئەو هەواڵەكانی رەت كردەوە كە باس لە چوونی سوپای عێراق بەتەنیا بۆ ناو مووسڵ بەبێ پێشمەرگە دەكاتەوە و رای گەیاند، هێزەكانی بەشدار بەبێ جیاوازی دەچنە ناو سەنتەری مووسڵ، هاوكات بێ ئاگایی خۆی لە پلانەكانی ئەمەریكا دووپات كردەوە و گوتی، شتێكی ئاسایییە كە راگەیاندن و هێزە سیاسییەكان هەریەكەیان بەپێی بەرژەوەندیی خۆی هەواڵ بڵاو بكاتەوە.
لەبارەی چارەنووسی حەشدی نیشتمانی بۆ دوای داعش، ئەو دووپاتی كردەوە كە ئەوان دەخرێنە سەر كردەوەگەلی نەینەوا و لەبارەی بوونی گفتوگۆش لەگەڵ هۆزەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆی وا لە ئارادا نییە و ئەوەی لەگەڵ داعش بێت حیسابی ئەوانی بۆ دەكرێ.
لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ و پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا رای گەیاند، لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان باسی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ كراوە و وڵاتانی كۆمەكبەخش ئامادەیی خۆیان پێشان داوە. هەرچی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا بۆ قۆناغی دوای داعش، دووپاتی كردەوە كە هیچ ناكۆكییەك لەگەڵ بەغدا بوونی نییە و ئەوەی هەیە جیاوازیی بۆچوونە لەبارەی چەند پرسێك.
لەبارەی دۆخی كۆمەڵایەتی رای گەیاند كە بەهیچ شێوەیەك لە ئەندامانی داعش خۆش نابین و گفتوگۆشیان لەگەڵدا ناكرێ، هەرچی هاووڵاتییانی ئاساییشە كە رەنگە لەو ماوەی بوونی داعش لە مووسڵ لە كێشەكان تێوەگلابن، ئەوە ئێمە لیژنەی تایبەت بۆ ئەو پرسە پێك دێنین.
لەبارەی پێشبینی خۆی بۆ ئەوەی لە كاتی جەنگەكە لەناو مووسڵ روو دەدات دووپاتی كردەوە، ئەوەیان جەنگە و رەنگە سەختی زۆری تیادا بێت، بەڵام بەپێی پلانی ئامادەكراو لە هەموولایەنی بەشدار رەچاوی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان كراوە و بەچەندان رێگەش خەڵكەكە لە چۆنیەتیی هەڵسوكەوتكردن لەكاتی بەڕێوەچوونی ئەو جەنگە ئاگەدار كراونەتەوە.
وشە/ مەحموود ئیسماعیل