گوتەبێژی سۆسیالیست: حكوومەت پێشانی هاووڵاتییانی دا كە شاسوار موزایەدە دەكات

:: PM:07:48:30/10/2021 ‌

گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت كە حكوومەتی هەرێم بە بڕیاری مۆڵەتپێدان بە سەرۆكی نەوەی نوێ، كە بەهۆی موزایەدەكانییەوە دەنگی هەندێك لە هاووڵاتییانی بەدەست هێنا، هەر زوو ئەوەی پێشانی هاووڵاتییان دا كە ئەوانە موزایەدە دەكەن نەك خزمەت.

ئەمڕۆ شەموو 30ی ئۆكتۆبەر، بەختیار كەریم، گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەكاتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، لایەنێك بە هۆی موزایەدەكانییەوە توانی دەنگی هەندێك هاووڵاتی بەلای خۆیدا رابكێشێت، بەڵام لە دوای پرۆسەكەوە دەركەوت ئەو لایەنە، كە نەوەی نوێیە، سەرۆكەكەی كاری موزایەدەیە، بەڵام هەر زوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە جێگەی دەسخۆشییە، ئەو موزایەدەی راگرت بە بڕیارەكانی.
چیتر كەس بە قسە و بڕیارەكانی ناتوانێ موزایەدە و چەواشەكاری بەسەر خەڵكەوە بكات
زیاتر گوتی، بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێدانی مۆڵەت بە شاسوار جێگەی دەستخۆشی بوو كە دەرگای واڵا كرد بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كاری باش بكەن، بەڵام دەركەوت ئەو كەسە تەنیا قسە دەكات، حكوومەتیش ئەوەی پێشانی هاووڵاتییان دا كە چیتر هیچ كەسێك بە قسەو بڕیارەكانی ناتوانێ موزایەدە و چەواشەكاری بكات بەسەر خەڵكەوە.

گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست باسی لەوەیش كرد، كەسێك ئەگەر بیەوێ خزمەت بە هاووڵاتییان بكات، دەبێت بە كردار خزمەت بكات، نەوەی نوێش ویستی بەو جۆرە وا پێشانی بدات كە لەگەڵ هاووڵاتییاندایە، بەڵام بۆی نەچووە سەر.

لە چەند رۆژی رابردوودا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رای گەیاند، ئەگەر حكوومەت مۆڵەتی پێ بدات، ئامادەیە بەنزین بە نرخی 475  دینار بۆ هاووڵاتییان دابین بكات، حكوومەتی هەرێمیش دەستبەجێ بڕیاری دا مۆڵەتی پێ بدا و لە باج و رسومات لێخۆشبوونی بۆ بكات، بەڵام شاسوار هەرزوو پەشیمان بووەوە و ئامادەنەبوو ئەو كارە بكات.



وشە - وشه‌