وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی 20/10/2016 لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی NRT دا هەریەک
لە عەدنان عوسمان و کەمال رەئووف، بێ ڕێزییان
بە پێشمەرگە کرد و بەو هۆیەوە هەستی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بریندار کرا و خەڵکی
کوردستانیان نیگەران کرد.
لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر بۆیە و لەبەرخاتری
شکۆی پێشمەرگە و بۆ ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەرەکانی شەڕدا بە بینینیان دڵگران
نەبن، بڕیارمان دا تا ئەو کاتەی کەناڵی NRT بە فەرمی
داوای لێبوردن دەکات، ڕێگە بە پەیامنێر و وێنەگرەکانیان نادەین بۆ ڕووماڵکردنی شەڕ
بچنە بەرەکان و نزیکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بکەون.
دەقی راگەیەنراوەکە:
ڕۆژی 20/10/2016 لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی NRT دا هەریەک
لە عەدنان عوسمان و کەمال رەئووف، بێ ڕێزییان
بە پێشمەرگە کرد و بەو هۆیەوە هەستی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بریندار کرا و خەڵکی
کوردستانیان نیگەران کرد.
ئەوە لەکاتێکدایە کەهەر ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەشەڕێکی گەورە و قورسدابوون
لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لەمیحوەرەکانی باشیک و ناوەران و تلسقۆف، پێشمەرگە توانی بەخوێنی
ئاڵی داستانێکی نوێ تۆمار بکات و تیرۆریستان لەبەشێکی تری خاکی کوردستان وەدەر بنێن.
ئێمە وێڕای نیگەرانیی زۆرمان لە دەربڕینە پڕ لە حقد و کینەکانی ئەو
دوو کەسە، رایدەگەیەنین کە پێشمەرگە رووحی فیداکاری و پێناسی نیشتمانییە و لەسەر ئاستی
جیهان بۆتە سیمبولی ئازایەتی و هەر بۆیە دوژمن و نەیارانی گەلەکەمان چاویان بە پێشمەرگە
هەڵنایەت .
بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی کەناڵەکە کرد کە بێبەرییبوونی خۆیان لەو
لێدوانە چەواشەکاری و سوکایەتییە ڕابگەیەنن، بەڵام بەداخەوە وێڕای ئەوەی دووجار بەڵێنیان
دا دواجار خۆیان لەوە دزییەوە و ئەوەش لای ئێمە و پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان وا دەخوێندرێتەوە
کە هاوهەڵوێستی ئەو دووکەسەن مەگەر پێچەوانەکەی بسەلمێنن. هەر بۆیە و لەبەرخاتری شکۆی
پێشمەرگە و بۆ ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەرەکانی شەڕدا بە بینینیان دڵگران نەبن،
بڕیارمان دا تا ئەو کاتەی کەناڵی NRT بە فەرمی
داوای لێبوردن دەکات، ڕێگە بە پەیامنێر و وێنەگرەکانیان نادەین بۆ ڕووماڵکردنی شەڕ
بچنە بەرەکان و نزیکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بکەون.
هەروەها لەکاتێکی گونجاوی تریشدا، ئەگەر پێویست بکات، رێوشوێنی تر دەگرینە
بەر.
سەربەرزی بۆ پێشمەرگە
.
دروود و نەمری بۆ شەهیدان
وەزارەتی پێشمەرگە