داعش ئاگری لە كارگەی گۆگردی مشراق بەردا

:: PM:01:12:21/10/2016 ‌

چەكدارانی داعش ئاگر لە كارگەی گۆگردی مشراق لە سنووری حەمام عەلیل بەردەدەن.

رائید ئەمین شێخانی گوتەبێژی لیوای 91ی سوپای عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەعات 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 21ی تشرینی یەكەمی 2016، چەكدارانی داش ئاگریان لە كارگەی گۆگردی مشراق لە سنووری حەمام عەلیل بەدووری 30كم لە سەنتەری شاری مووسڵ بەردا.

شێخانی دەڵێ‌، "بەهۆی سووتاندنی كارگەی گۆگردی مشراقەوە ئاگر و دووكەڵێكی زۆر لە ئاسمانی ناوچەكەدا بڵاوبووەتەوە".

هەواڵی سووتاندنی كارگەی گۆگردی مشراق لەكاتێكدا دێت كە هەر دوێنێ‌ پێنجشەم 20ی تشرینی یەكەم، عەمید یەحیا رەسووڵ بەناوی كردەوەگەلی هاوبەشی ئازادكردنی مووسڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، كارگەی گۆگردی مشراق لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە بەتەواوی كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە و لە دەست چەكدارانی داعش دەرهێنراوە.

وشە/رێبین فەتاح




وشە - ڕێبین فه‌تاح