"پەكەكە هۆكارێكی ئەو دۆخەیە كە وای كردووە هاووڵاتییان كۆچ بكەن"

:: PM:09:46:10/11/2021 ‌

یەكێك لە هۆكارەكانی كۆچكردن، نائارامی و چارەسەر نەبوونی هەندێك كێشەی دروستكراوە، ساڵانێكە پەكەكە وەك گرووپێكی چەكداری نایاسایی لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان هەن، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ وایان كردووە خەڵكی ئەو ناوچانە خێر لە ماڵوحاڵی خۆیان نەبینن، بۆیە بەشێكیان شوێنی خۆیان جێ هێشتووە و وایشی كردووە كۆچ بۆ دەرەوە زیاد بكات.

شەڕی پەكەكە مەینەتی بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، بەو هۆیەوە توركیا بە بەردەوام بۆردمانی هەرێمی كوردستان دەكات و زیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت، زۆر جار بەهۆی بۆردمانەكانەوە زیانی گیانی لێ دەكەوێتەوە، بە جۆرێك خەڵكی ئەو ناوچانە لە كارەكانی پەكەكە بێزار بوونە و بەهەر جۆرێك بێت دەیانەوێ خۆیان رزگار بكەن و رێگای ئەوروپا دەگرنە بەر.
پەكەكە بووەتە كێشە بۆ حكوومەتی هەرێم و هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەكان و پێشمەرگە
كلارا بەفرۆ، سەرۆكی لیستی ئەنجوومەنی كلدانی و سریانی و ئاشووری بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوونی گرووپی چەكداری پەكەكە و ئەو جموجوڵانەی لە ناوچە سنوورییەكان هەیانە و بووەتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و ماڵوێرانی بۆ هاووڵاتییان، وای كردووە خەڵكی گوندە سنوورییەكان ژیانیان لە دۆخێكی خراپدا بێت و بە ناچاری بیر لە شوێنی تر بكەنەوە بۆ ژیان، بەشێكیشیان رێگای هاندەران دەگرنە بەر.

هەروەها گوتی، خەڵكی ئەو ناوچە سنوورییانە زۆربەیان بە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری خەریكن، كاتێك دەبینن ناوچەكەیان بەرەو وێرانە دەڕوات و چیتر ناتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بكەن، بۆیە بیر لەوە دەكەنەوە كە هەر ژیانیان لێ تێك چووە، لەبری ئەوەی بچن لە ناوچەی تر دەست بكەنەوە بەژیان كۆچ دەكەن، لەبەر ئەوەیە پەكەكە هۆكارێكی ئەو دۆخەیە كە دروست بووە و وای كردووە هاووڵاتییان وەك پەنابەر روو لە وڵاتانی ئەوروپا بكەن.

بەفرۆ روونی كردەوە، عێراق سەروەری لەدەست داوە، بۆیە پێویستە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، كە پەكەكە لەناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانە و بەو جۆرەیە دەستی داوەتە شەڕ و توركیای هێناوەتە ناو خاكی هەرێم و لە ناوچە سنوورییەكان رێگە نادات هاووڵاتییان بە ئازادی هاتوچۆ بكەن و دەسەڵاتێكی سەپێنەر جێبەجێ دەكات.

بەهۆیەوە پەكەكەوە نزیكەی 500 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵیان كردووە و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان گوند وێران بوون و ماڵ و رەز و باخ و كشتوكاڵی هاووڵاتییان تێ چووە، زۆربەی جاریش زیانی گیانی لێ كەوتووەتەوە.

هەر لەوبارەوە سارا دڵشاد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوونی شەڕ لە ناوچە سنوورییەكان پاسەوانی سنوور ناتوانێ ئەركی پاراستنی سنوور ببینێت، ئەمەیش دەبێتە هەلێكی باش بۆ كۆچكردنی گەنجان، هەرێمی كوردستان نابێت هەرگیز بكرێتە مینبەرێك بۆ هێرشكردنە سەر هیچ لایەنەێك، هەموومان بارودۆخی كوردستان دەبینین، لە چەندان لاوە هەڕەشەی لەسەرە، بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەكانی پارچەكانی تر بە بەردەوام پشتیوانی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بكەن.

باسی لەوە كرد كە كاتێك پەكەكە شەڕی لە ناوچە سنوورییەكان كرد، دۆخێكی ناهەمواری دەروونی بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچە سنووریانە دروست دەكات، ئەمەیش وا دەكات خەڵك بیر لە كۆچ بكەنەوە، بۆیە دەبێت پەكەكە دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت.

هەر پێوەست بەو بابەتە كاوە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە لە هەرێمی كوردستان لە هەموو ناوچەكان بووەتە كێشە، كێشە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشە بۆ هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەكان، كێشە بۆ پێشمەرگە، بەهەموو شێوەیەك پەكەكە گرفت و بەڵایە بۆ هەرێمی كوردستان، پەكەكە شوێنی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام هاتوون لە هەرێمی كوردستان گیرساونەتەوە و ئەو خەباتەی كە خۆیان ناویان ناوە هێناویانەتە هەرێم.

"پەكەكە بووەتە هۆكاری نانەوەی شەڕو ئاژاوە، رۆژانە شەڕ و كوشتن لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم هەیە بەهۆی پەكەكەو شەڕی توركیا، بەسەدان گوندە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان چۆڵ كراون و وێران بوون، دەستی ئاوەدانییان پێ ناگات، ئەمە وای كردووە خەڵك بەهۆی ئەو كارانەی پەكەكەوە ریگای هەندەران بگرنە بەر" كاوە ئەحمەد مامۆستای زانكۆ وای گوت.

شایەنی باسە پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، لە پێنجوێن و شارباژێڕ و ئامێدی، كاری سەرەكیی ئەوان لەو سنوورانە قاچاخییەتی و وەرگرتنی سەرانەیە لە هاووڵاتییان، هەروەها ناوچەیەكی فراوانی وەك قەندیلی داگیر كردووە و ڕێ نادات هاووڵاتییان سەردانی بكەن، ئاژەڵدارەكانیش بە پارە دەچنە لەوەڕگە و كوێستانەكانی ئەو شوێنە.


وشە - وشه‌