لە تاران گۆڕستانێكی گەورە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە تەرخان دەكرێ

:: AM:11:19:13/11/2021 ‌
لە باشووری تارانی پایتەختی ئێران، زەوییەك بە رووبەری 52 دۆنم بۆ گۆڕستان تەرخان كرا. گۆڕستانەكە تایبەتە بە قوربانیانی بوومەلەرزەیەك كە هێشتا رووی نەداوە و پێشبینی روودانی دەكرێ.

جەلال بەهرامی یاریدەدەری خزمەتگوزارییەكانی سەرۆكایەتی شارەوانیی تاران ئاماژەی داوە، جگە لەو 52 دۆنمە، لە هەوڵدان هەزار و 200 دۆنمی تر بۆ هەمان مەبەست تەرخان بكەن.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بەرپرسەكە باسی لە وردەكارییەكانی پڕۆژەكە نەكرد، ئەوەی نەخستووەتەڕوو كە رووبەرەكە شوێنی چەند مردووی تێدا دەكرێتەوە.

400 هەزار كەس تەنیا لە یەك خولەكدا دەمرن.



رەزا كەرەمی سەرۆكی پێشووی فەرمانگەی كۆنترۆڵكردنی قەیران و رووداوە سروشتییەكانی تاران، پێشتر گوتبووی ئەگەر لە تاران بوومەلەرزەیەكی بەهێز روو بدات، لانی كەم دوو ملیۆن كەس دەبنە قوربانی، لەو ژمارەیە 400 هەزار كەس تەنیا لە یەك خولەكدا دەمرن.

ئەو ئامارانە لە كاتێكدا بڵاو دەكرێنەوە، محەمەد حەسەن قوسیان سكرتێری گشتیی مانگی سووری ئێران، ساڵی رابردوو ئاشكرای كرد، پێداویستییەكانی كۆنترۆڵكردنی قەیران لە تەواوی تاران بەشی گەڕەكێك ناكات، دوعای كردبوو هیچ كاتێك بوومەلەرزە روو نەدات، چونكە كارەساتێكی گەورەی بەدواوە دەبێت.

بەپێی زانیارییە زانستییەكان كە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری زەویناسی و بوومەلەرزەزانی بڵاو كراوەتەوە، ئێران دەیەم وڵاتی دنیایە كە لەسەر هێڵی بوولەمەرزە هەڵكەوتووە .


وشە - سلێمان تاشان