مۆزەخانەیەكی شوێنەواری لە سۆران دەكرێتەوە

:: PM:09:50:13/11/2021 ‌

ژمارەیەكی زۆری ناوچەی شوێنەواری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا هەیە، ئەوەیش وای كردووە بۆ پاراستنی ئەو مێژووە وەك بەشێك لە كواتووری ناوچەكە و بۆ راكێشانی زیاتری گەشتیار و هەڵگرتنی پارچە شوێنەوارییەكان بە شێوەیەكی مۆدێرن، مۆزەخانەیەكی شوێنەواری لەو دەڤەرەدا بكرێتەوە .

عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، دەڤەری سۆران لە رووی شوێنەوارییەوە دەوڵەمەندە و خاوەنی 1100 ناوچە و پارچەی گرنگی شوێنەوارییە، كە مێژووی بەشێكییان بۆ هەزاران ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆزەخانە، بەبێ نازی لە ژوورێكدا هەڵگیراون و كەس نایان بینێت .

"ئێَستە پێنج تیمی بیانی لای ئێمە كاری شوێنەواری دەكەن و بەردەوام كەلوپەلی شوێنەواری دەدۆزنەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆزەخانە ناچارین لە ژوورێكدا هەڵیانبگرین و كەلوپەلەكان بێڕێز و بێناز بوونە، لەوكاتەی ئەگەر مۆزەخانەیەك لە سۆران هەبێت، سەرجەم ئەو كەلوپەلە شوێنەواریانە لەوێ دادەندرێ و نمایش دەكرێت، خەڵكیش كەلوپەلە كۆن و شوێنەوارییەكانیان پێشكەیشی مۆزەخانەكە دەكەن"، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران وای گوت .
لە ناوچەی بانەهێلك ناوچەیەكی شوێنەواری دۆزرایەوە مێژووەكەی بۆ 7560 ساڵ دەگەڕێتەوە
دووپاتی كردەوە، كەمپی حامییەی رواندز، كە یەكێكە لە شوێنە شوێنەواری و كەلەپوورییەكانی كوردستان، سەردانمان كردووە بۆ ئەوەی بەشێكی نۆژەن بكەینەوە و وەك موزەخانە بەكاری بێنین و پارچە شوێنەوارییەكانی لەناودا بپارێزین و گەشتیار و خەڵك رووی تێ بكەن .

بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران دووپاتی كردەوە، ئەمساڵ لەلایەن هەردوو زانكۆی سەڵاحەدین و ئۆتۆنۆموسی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیمان، جارێكی تر دەست بە كاری هەڵكۆڵین كراوە لە ناوچەی بانەهێلك، خۆشبەختانە بەپێی كاری هەڵكۆڵینەكە ناوچەیەكی شوێنەواری دۆزیووەتەوە كە مێژووەكەی بۆ 7560 ساڵ دەگەڕێتەوە و یەكێكە لە ناوچە ستراتیجییەكان، لە دەڤەرەكەمان ناوچەی تری شوێنەواری هەن وەك قەڵا، گرد، گۆڕستان، ئەشكەوت، پرد، بورج كە شوێنی لەبارن بۆ ئەوەی گەشتیاران روویان تێ بكەن.

 ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڤەرێكی گرنگە لە بواری شوێنەواریدا و خاوەن كێلی كێلەشین و ئەشكەوتی شانەدەرە، كە بە قیبلەی ئەشكەوتەكانی دنیا دادەندرێت، گرد و گوندی بانەهێلك، كە مێژووەكەی بۆ 7000 هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، خاوەن سەتان ناوچەی شوێنەواری و میرنشینی سۆرانە، ئەمانە و دەیان ناوچە و كەلوپەلی شوێنەواری لێیە، كە لە شار و شارۆكەكانی تری كوردستان وێنەیان كەمە .

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل