بە ئازادكردنی مووسڵ تەناهیی وزەی كوردستان جێگیرتر دەبێت

:: PM:01:23:21/10/2016 ‌

شارەزایانی بواری نەوت و وزە دووپات دەكەنەوە بە ئازادكردنی شاری مووسڵ لە ژێر دەستی داعش، بارودۆخی تەناهیی وزە لە هەرێمی كوردستاندا جێگیرتر دەبێت و پێشبینی هەڵكشانی زیاتر لە چالاكییەكانی نەوت و گازی كوردستاندا دەكرێت.


داگیركردنی پارێزگاكانی مووسڵ، سەڵاحەدین و بەشێك لە خاكی سنووری پارێزگای كەركووك و هەولێر لە حوزەیرانی 2014دا لەلایەن داعشەوە، هەرێمی كوردستانی خستە ناو شەڕێكی قووڵەوە كە بەدرێژایی دوو ساڵی رابردوو بەردەوام بووە. سەرباری ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەشی زۆری ناوچە كوردستانییەكانی داعش داگیری كردبوون لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد كرانەوە، بەڵام هێشتا شاری مووسڵ وەك دووەم گەورەترین شاری عێراق و هاوسنووری هەرێمی كوردستان لە دەست داعش ماوەتەوە.

پاش داگیركارییەكانی داعش، زۆرینەی چالاكییەكانی نەوت لەلایەن كۆمپانیاكانی خاوەنكار لە كەرتی نەوت و گازی كوردستان راگیران، ئەوەش وەك كۆڤان شێروانی شارەزا لە یاسا و نەوت ئاماژەی بۆ كرد، بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی تەناهی بوو كە تێكچوونی كەشی وەبەرهێنانی لێ كەوتەوە.

شێروانی بە "وشە" دەڵێ‌، "شەڕی داعش، یەكێك لە هۆكارەكانی تێكچوونی كەشی وەبەرهێنان بوو بەگشتی لە كوردستاندا، لەو چوارچێوەیەشدا ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە كوردستان كاریان دەكرد، چالاكییەكانی خۆیان هەڵپەسارد، لە هەمان كاتدا ئەو بارودۆخە ناجێگیرە تەناهییە وا دەكات كۆمپانیاكانی تر بەمەبەستی سەرمایەگوزاری روو لە ناوچەكە نەكەن".

رۆژنامەی "وشە" لە ئەیلوولی 2014 ئاشكرای كرد بەهۆی داعشەوە، تەنیا كەمتر لە 10 سەكۆی هەڵكەندنی بیری نەوت لە كێڵگەكانی نەوت و گازی كوردستاندا لە چالاكییەكاندا بەردەوامن، لەكاتێكدا لە كانوونی دووەمی ئەو ساڵەدا و پێش هاتنی داعش 29 سەكۆی هەڵكەندنی بیری نەوت چالاك بوون، ئەوەش داكشانێكی گەورە بوو لە چالاكییەكانی هەڵكەندن لە كێڵگەكانی نەوت و گازی كوردستاندا كە هۆكارەكەی بۆ ناجێگیری بارودۆخی تەناهی كوردستان و عێراق دەگەڕێتەوە.

رۆژی 17ی تشرینی یەكەمی 2016، یەكەم هەنگاوی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بە پێشڕەویی هێزەكانی پێشمەرگە و پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستی پێ كرد. هێزەكانی پێشمەرگە پانتایییەكی زۆریان لە میحوەری خازر پاك كردەوە و ئەوەش دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە ئاستی نێودەوڵەتی دروست كرد.

شارەزاكەی بواری یاسا و نەوت دەڵێ‌، "پاشەكشەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە، دڵنیایییەك بە كۆمپانیاكانی نەوت دەدات دەست بە چالاكییەكانیان بكەنەوە، لەو شوێنەدا كە چالاكییەكان بەهۆی ناجێگیری باری تەناهی راگیراون".

هەندێك لەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەردا گرتن ناوچەی نەوتی بوون، هاوشێوەی كێڵگەی نەوتی ئەربیل كە لە ئۆپەراسیۆنی خازر لە ئابی 2015دا جارێكی تر ئازاد كرایەوە و بەوەش كۆمپانیا نەوتییەكە دەتوانێت دەست بە چالاكییەكانی بكاتەوە.

د. بێوار خنسی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان بۆ كاروباری وزە، دووپات لەوە دەكاتەوە كە دوای ئازادكردنی مووسڵ، بارودۆخێكی تر لەمەڕ چالاكییەكانی نەوت و گازی كوردستان دێتە پێشەوە.

خنسی بە "وشە" دەڵێ‌، "بەدڵنیایییەوە دەرپەڕاندنی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان و لە عێراق بەتایبەت پارێزگای مووسڵ، هۆكارێكی كاریگەر دەبێت لەرووی جێگیربوونی بارودۆخی تەناهی، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لەوەی كۆمپانیاكانی نەوت و گاز چالاكییەكانیان بەگەڕ بخەنەوە".

ئەو زیاتر دەڵێ‌، "كۆمپانیاكان بەدوای قازانجدا دەگەڕێن، ئەوەش وا دەكات سەرنجیان لەسەر ئەو ناوچانە بێت كە بارودۆخی تەناهی تێیاندا جێگیرە، چونكە ناجێگیری باری تەناهی مەترسی لەسەر پڕۆژەكانیان دادەنێت".

راوێژكارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ كاروباری وزە، پێشبینی دەكات دوای ئازادكردنی مووسڵ لە دەست داعش، كۆمپانیاكانی خاوەنكار لە كەرتی نەوت و گازی كوردستاندا، چالاكییەكانیان فرەوانتر بكەن، لەكاتێكدا كە بەهۆی داعش لەلایەك و دابەزینی نرخی نەوت لەلایەكی تر، چالاكییەكان بە سستی بەڕێوە دەچن، لەهەمان كاتدا چاوەڕوان دەكرێت هەر بەو هۆیەوە پشكی كۆمپانیاكانی خاوەنكار لە كەرتی نەوت و گازی كوردستان لە بۆرسەكانی جیهاندا بەرزتر ببێتەوە.

وشە/ هەولێر



وشە - وشه‌