به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانیی كرد

:: PM:01:41:17/11/2021 ‌
سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆك كۆماری عێراق، كۆ بوونه‌وه‌ و باردۆخی سیاسی و به‌ربه‌سته‌كانیان تاوتوێ كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 17ی تشرینی دووه‌م، له‌ سه‌ڵاحه‌دین سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی پێشوازی له‌ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق كرد.

به‌رهه‌م ساڵح دوو رۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ و دوای به‌شداری له‌ دیداری ئاشتی و ئاسایش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی-كوردستان له‌ دهۆك رێكی خستووه‌، ده‌ستی به‌ جموجووڵی سیاسیی كردووه‌.

به‌گوته‌ی باره‌گای بارزانی، "بارودۆخی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ڕێچاره‌كان بۆ ڕاسته‌ڕێكردنی پرۆسه‌ی سیاسیی و تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌دیات و پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ته‌وه‌ره‌كانی ئه‌و دیداره‌ بوون". 

سه‌ردانه‌كه‌ی ساڵح بۆ لای بارزانی گرنگی خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌ عێراقدا به‌گوێره‌ی عورف بووه‌ به‌ مافی كورد و له‌ناو كوردیشدا حزبه‌كه‌ی بارزانی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌، بۆیه‌ دانیشتنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كورسییه‌ی سه‌رۆك كۆمار بۆ هه‌ر كه‌س، ئۆكه‌ی بارزانی پێویسته‌.


وشە - زریان تەها