هۆكار و چارەسەری ئازاری جومگەی قۆڵ و شان چییە؟

:: PM:08:10:17/11/2021 ‌

ئازاری قۆڵ و شان یەكێكە لە حاڵەتە بڵاوەكان، كە رەنگە بەهۆی رووداو و بەركەوتن یان راهێنانی قورسی وەرزشییەوە دروست ببێت، بەڵام رەنگە ئەو ئازارە ئاماژە بێ بۆ بوونی كێشەیەك لە ئەندامەكانی لەش یان تێكچوونی فەرمانەكانیان، بەگشتی لەناو بەساڵاچوواندا باوە.

وەك ماڵپەڕی "دۆیچە فیلە"ی ئەڵمانی باسی كردووە، قۆڵ یەكێكە لە جووڵاوەترین جومگەكانی لەشی مرۆڤ، هەروەها زیاترین ئەگەری تووشبوون بە ئازار و نەخۆشی و پێكانی هەیە، كە رەنگە ئاماژەیەكی سەرەتایی بێ بۆ تووشبوون بە چەند جۆرێك نەخۆشی، تووشبوونی رووداو یان بەركەوتن بە تەنێكی رەق، گرنگترین هۆكاری ئازاری شان و قۆڵە و رەنگە بەو هۆیەوە جوومگەكە لێك بترازێ و بەهۆی ئازارەوە بە زەحمەت بجووڵێت.
ئازاری قۆڵ و شان زیاتر پێوەستە بە بەتەمەنداچوونەوە
هەروەها دروستبوونی كێشە یان هەوكردن لە جومگەكە، كە بەرپرسە لە بەرزكردنەوەی شان بۆ سەرەوە یان بۆ تەنیشتەكان، ئازار لە بەشی سەرەوەی باسك دروست دەكات، بەتایبەتی لەكاتی جووڵاندنەوەی لاتەنیشتی باسك دەردەكەوێت، هۆكارێكی تر راهێنانی وەرزشی قورس و چڕە یان جووڵانەوەی بەهەڵەیە، كە هەوكردنی بەستەرەكانی شان و ئازاری زۆر دروست دەكات.

بەكلسبوونی ئێسكی جومگەی قۆڵ هۆكارێكی تری ئازاری جومگەكەیە، كە بەهۆی نەگەیشتنی تەواوەتی خوێنەوە دروست دەبێت، لە نیشانەكانی زەحمەتی بەرزكردنەوەی شانە بۆ سەرەوە، هەروەها رەقبوونی ناوچەی شان كە تا ئێستە هۆكارەكەی دیار نییە، بەڵام هەندێك بە نەخۆشی شەكرەی دەبەستنەوە.

دەكرێ ئازاری قۆڵ و شان ئاماژەیەكی مەترسیدار بێ بۆ تووشبوون بە كێشەی دڵ و سەكتەی مێشك، بەتایبەتی ئەگەر هەناسەتەنگی و هێڵنج و سەرسووڕانی لەگەڵدا بێت، دوور لە نەخۆشی و بەركەوتن و رووداو، ئازاری شان پێوەستە بە بەتەمەنداچوونەوە.

تۆ دەتوانی لە ماڵەوە پارچە بەفر بخەیتە سەر جومگەكە بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكەی، خۆیشت لە جووڵەی كتوپڕی باسك و سەر بەدوور بگرە، هەندێك راهێنانی تایبەتیش هەیە بۆ بەهێزكردنی ماسولكەكانی ناوچەكە، لەگەڵ وەرگرتنی دەرمانی دژە هەوكردن، جیا لەوانە چارەسەری كارەبایی و شەپۆلی سەرووی دەنگیش هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكەی.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل