به‌ڕوو ئه‌و خۆراكه له‌بیركراوه به سووده‌یه كه له سروشتی كوردستاندا زۆره، هاوكات هه‌موو جۆره‌كانی به‌ڕوو سوودیان بۆ ته‌ندروستیی مرۆڤ هه‌یه، له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌توانین بڵێین به‌ڕوو ئه‌و خواردنه‌یه ئێسته زۆر بێنازه لای ئێمه و به‌های خۆراكیی نازانین، پسپۆڕێكی گیاده‌رمانی كورد، سووده‌كانی ئاشكرا ده‌كات و وه‌ك گهوھهرێك بۆ ته‌ندروستی و خواردن باسی لێ ده‌كات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 18ی تشرینی دووه‌م، دكتۆر به‌در قادر سوورچی پسپۆڕ له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به گیاده‌رمان، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، "كاتێك باسی به‌ڕوو ده‌كرێت، واته سروشته جوانه‌كه‌ی كوردستان كه شاخه‌كانی ڕازاونه‌ته‌وه به‌و داره پڕ به‌ره‌كه‌ته، بۆیه پێویسته هه‌موومان گرنگی زۆر به خواردنی به‌ڕوو بده‌ین، ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سووده گرنگه‌كانی كه ھه‌یه‌تی".
له‌باره‌ی سووده‌كانیه‌وه دكتۆر به‌در ئاشكرای كرد، "به‌ڕوو وه‌ك خۆراكێكی وزه‌به‌خش داده‌نرێت، ئه‌مه‌یش به‌هۆی بوونی بڕێكی زۆر له كاربۆهیدرات كه ده‌توانێ بڕێكی زۆر وزه‌ت بداتێ، هاوكات بۆ ترشه‌ڵۆك و برینی گه‌ده‌یش به‌سووده، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یش چای گه‌ڵای به‌ڕوو بۆ نه‌ھێشتنی ئازاری ددان ده‌گونجێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه خواردنی به‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی ئه‌كزیما به‌سووده، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی شه‌كر له خوێندا ڕێكده‌خات، بۆیه نه‌خۆشانی شه‌كره واباشه ڕۆژانه بیخۆن".
ئاماژه‌ی دا، "بڕێكی زۆر له چه‌وریی سوودبه‌خشی تێدایه كه یارمه‌تی هاوسه‌نگكردنی كۆلیسترۆڵی خوێن ده‌دات، یارمه‌تیده‌ریشه بۆ ڕێكخستنی لێدانی دڵ، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌مه‌نده به فۆسفۆڕ، كالیسیۆم، پۆتاسیۆم كه ئێسك پته‌و ده‌كات، ھاڕاوه‌ی توێكڵی به‌ڕوو چاره‌سه‌ری سكچوونیش ده‌كات و غهڕغهڕهكردن به به‌ڕووی كوڵاو، چاره‌سه‌ری ھه‌وكردنی ده‌م و قوڕگ ده‌كات".
شایانی باسه خواردنی به‌ڕوو بۆ هه‌موو كه‌س به‌سووده، به‌ڵام نابێ ئه‌وانه‌ی قه‌بزن بیخۆن. چۆنیه‌تیی خواردنی به‌مشێوه‌یه‌یه::
به‌ڕووه‌كان به بهرگهكهیهوه بۆ ماوه‌ی 15 تا 20 خولهك بكوڵێنین، دواتر به‌رگی ده‌ره‌وه‌ی لێ بكه‌ینه‌وه و بیكه‌ینه چه‌ند پارچه‌یه‌كه‌وه، له‌به‌ر خۆر دایبنێین بۆ ئه‌وه‌ی وشك بێته‌وه، دواتر بیانهاڕین و له‌سه‌ر سینییه‌ك ڕای بخه‌ین ئینجا بیكه‌ینه ناو فڕن (ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌نگی قاوه‌یی بێت، به‌ڵام نابێت بسووتێت) دوای ئه‌م پرۆسه‌یه، ده‌توانین به‌پێی پێویستی خۆمان له‌گه‌ڵ ئاوی كوڵاو تێكه‌ڵی بكه‌ین و وه‌ك قاوه بیخۆینه‌وه.
شایه‌نی باسه، له دنیادا نزیكه‌ی 600 جۆر داربه‌ڕوو هه‌ن كه هه‌موویان ده‌كه‌ونه نیوه‌گۆی باكوری گۆی زه‌وی، دابه‌ش بوون به‌سه‌ر دوو گرووپ (هه‌میشه سه‌وز یاخۆ وه‌رزین).