لە هەولێر دوو كەس لە بەرانبەر وەرگرتنی ڤاكسین شەش ملیۆن دیناریان پێ درا

:: PM:12:16:18/11/2021 ‌
دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ كاری مرۆیی، هەڵمەتی پاڵپشتیكردن لە وەرگرتنی ڤاكسین لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندووە، لە یەكەم هەڵمەتی لە تیروپشكێكدا، دوو كەس براوە بوون كە هەریەكێكیان بوونە خاوەنی سێ‌ ملیۆن دینار.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی تشرینی یەكەم، ڕزگار عەلی سەرۆكی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ كاری مرۆیی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەڵمەتێكی پاڵپشتیكردن لە وەرگرتنی ڤاكسینمان ڕێكخستووە، هەركەسێك لە ئەمڕۆوە ناوی تۆمار بكات بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، ناوی دەچێتە تیروپشك و ئەگەر ناوی دەربچێت، بڕی سێ‌ ملیۆن دیناری پێ دەدرێت.

دوو هەفتە جارێك تیروپشك ئەنجام دەدرێت
زیاتر گوتی، هەڵمەتەكە لەلایەن دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ كاری مرۆیی بەڕێوە دەچێت، دوو هەفتە جارێك تیروپشك ئەنجام دەدرێت و هەركەسێك لەو تیروپشكەدا دەربچێت، سێ‌ ملیۆن دیناری پێ دەدرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ وەك یەكەم جار تیروپشك ئەنجام درا و دوو كەس بوونە خاوەنی شەش ملیۆن دینار، هەریەكێكیان سێ‌ ملیۆن دیناری پێ دەدرێت.

پێدانی ڤاكسین لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، تا ئێستە نزیكەی 36%ـی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ڤاكسین كراون و بڕیاریشە پرۆسەی پێدانی ڤاكسین خێراتر بكرێ‌.



وشە - رامیار جەواد