لە خەوندا رووتی.. مانای چییە؟

:: PM:04:12:18/11/2021 ‌

جیهانی خەون فرەوانە، خەڵكانێك باوەڕیان پێی هەیە و هەیشیانە نا، خەونەكان جۆراوجۆرن لە خۆش و ناخۆش و ماقووڵ و ناماقووڵ، بەگشتی خەون دنیایەكی نادیار و بێ سنوورە، رەنگە هەندێكجار خەون بە شتێكەوە ببینی لە هزرت نەبووبێت، خەونەكان لێكدانەوەی جیاوازیان بۆ دەكرێت، بە گشتی لە رووی زانستییە خەون پێوەستە بە دنیای نەست، واتە لا شعوور و كاردانەوەی نەستی مرۆڤ بەرانبەر بە رووداوێكی ئێستە یان رابردووی ژیان.

خەونەكان خۆت سیناریۆی بۆ دانانێیت، بۆیە رەنگە حەز بەوە بكەی كە چی تیادا دەگوزەرێ و چی بۆ تۆ تیادایە، یەكێك لەو خەونانە بینین خۆتە بە رووتی لە شوێنە گشتییەكاندا، واتە دەچیتە ناو پۆل یان شوێنی كاركردن و كۆبوونەوە، بۆت دەردەكەوێ كە رووتی، سەرت سووڕدەمێنێت چۆن لەبیرت كردووە جلوبەرگ بپۆشیت، ئاخۆ ئەوە شتێكە لەبیر بكرێت. 

لە رووی مەجازییەوە جلوبەرگ بۆ داپۆشین و پاراستنی لەشی مرۆڤە، بۆیە رەنگە ئەو خەونە ئاماژە بێت بۆ لاوازی، چونكە مرۆڤی بێ جلوبەرگ مەترسی لەسەرە و هەموو شتێكی بەدەرەوەیە و ناتوانێ خۆی بشارێتەوە، وەك بەرجەستەكردنی زیاترین مەترسی لەسەر مرۆڤ كە جەستەكەیەتی.
ئەو جۆرە خەونانە سەرچاوەكەی هەستكردنی مرۆڤە بە خۆبەكەمزانین و تاوانباری
لوری لوینبێرگ، پزیشكی دەروونی و پسپۆڕ لە لێكدانەوەی خەون دەڵێت، ئەو جۆرە خەونانە زۆرن، زۆرینەی جارەكان خەون بنینی بە رووتی، بەهۆی هەستی شەرمەزاربوون و گرنگیدانە بە بۆچوونی كەسانی تر، پێویستە مرۆڤ لە دەروونی خۆیدا بەخۆی بڵێت كە بۆچی خۆی دەشارێتەوە، بۆیە دەكرێ هۆكارەكەی هەڵسەنگاندنی كەسەكە بێت لە كار یان لە تاقیكردنەوە و هیتریش. 

ئەو جۆرە خەونانە دەری دەخەن كەسانیتر بێباكن بە رووتییەكە، بۆیە خەونەكە وا لێك دەدرێتەوە كە رێگەیەكی "ئەقڵی بێئاگایە"، بۆ ئاراستەكردنی پەیامێك بۆ تۆ بەوەی ئەو ترسەی هەتە، لە شوێنی خۆیدا نییە و ئەوەی تۆ گرنگی و وزەیەكی زۆری بۆ تەرخان دەكەیت، كەسانی تر گرنگی پێ نادەن. 

زۆرینەی زانایانی دەروونناس كۆكن بەوەی ئەو جۆرە خەونە خواستێكی راستەقینەی تۆ نییە بەوەی لە شوێنە گشتییەكان رووت بیت، بەڵكو پێوەستە بە شەرمەزاربوون بەرانبەر بە شتێكەوە كە كەسانی تر لەبارەتەوە نایزانن، زانایانی تریش ئاماژە دەكەن كە ئەو جۆرە خەونانە سەرچاوەكەی هەستكردنی مرۆڤە بە خۆبەكەمزانین و تاوانباری، رەنگە بەهۆی هەستكردن بە پشنگوێخستن و گرنگی پێ نەدان لە رابردوودا دروست بووبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل