هێزەكانی پێشمەرگە و تەناهی لە شارەدێی قەرەتەپەی سەر بە شارۆكەی خانەقین خراوەتە ئامادەباشییەوە بۆ رێگری لە دزە كردنی چەكدارانی داعش و شەوی رابردووش دوو چەكداری داعش گیراون.
رەحیم عەزیز سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی شارەدێی قەرەتەپەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، بە "وشە"ی راگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21ی تشرینی یەكەم، تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس لە شارەدێی قەرەتەپە و دەروازەكانی شارەدێیەكە بەڕووی دەشتاییەكانی سنوری كەركووك و دووزخورماتوو خراونەتە ئامادەباشبیەوە.
گوتیشی "زەوییەكی زۆر بەرفرەوان هەیە لە نێوان قەرەتەپە و ناوچەكانی سنوری كەركووك بۆیە ئەو رێوشوێنە تەناهییە گیراوەتە بەر".
ئەو لێدوانەی سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی قەرەتەپە لەكاتێكدایە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەك چەكداری داعش كە دزەیان كردبووە ناو شاری كەركووك، هەوڵیاندا پەلاماری چەند شوێنێك بدەكەن، بەڵام هێزەكانی تەناهی و پێشمەرگەوە رووبەڕوویان بوونەوە و زۆربەیان كوشتن.
لیوا عوسمان قادر فەرماندەی لیولی 136ی پێشمەرگە بۆ "وشە" ئاماژەیدا ،بەهۆكاری بوونی دەشتایی لەنێوان قەرتەپە و شارۆكەی دوزخورماتوو و پارێزگەی كەركوك پێشمەرگە چاودێری ئەو ناوچەیە زیاتر دەكا.
هاوكات ، سەرچاوەیەكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ، بە "وشە"ی راگەیاند، شەوی رابردوو دوو چەكداری داعش گیراون كە لە دەشتاییەكانی قەرەتەپەوە دزەیان كردبووە گوندەكانی قەرەتەپە و پاشتر لەلایەن هێزەكانی تەناهییەوە گیران.
وشە / گەرمیان – سەبری هۆرینی
پێداچوونەوە: ر. ف