لە كەشی سەرمادا خۆت بە خواردنی نیسك گەرم بكەرەوە

:: PM:02:26:21/11/2021 ‌
بەپێی چەندان توێژینەوە كە تا ئێستە پسپۆرانی بواری تەندروستیی خۆراك كردوویانە، دەركەوتووە شۆربای نیسك لە سەرمای زستاندا، باشترین و بەسوودترین خواردنە، لەلایەك لە سەرمادا جەستە گەرم دەكاتەوە، لەلایكی تریشەوە پرۆتینێكی زۆر دەبەخشێت.

پێگەی "ئەهرام" كە پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەلئەهرام"ی میسرییە، ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە بۆ سوودەكانی شۆربای نیسك كراون، دەركەوتووە ئەو خواردنە بۆ جەستەی مرۆڤ، سوودێكی زۆری هەیە بەتایبەتی لە وەرزی زستان و كەشی سارددا.

نیسك سەرچاوەیەكە بۆ وەرگرتنی زۆرترین پرۆتین بۆ جەستە


بەپێی پێگە عەرەبییەكە، باشترین سوودەكانی شۆربای نیسك لە زستاندا، ئەوەیە كە لە كەشی زۆر سارددا گەرمت دەكاتەوە، هاوكات نیسك سەرچاوەیەكە بۆ وەرگرتنی زۆرترین پرۆتین بۆ جەستە، بۆیە بە خوادنی مرۆڤ زۆر بە زوویی هەست بە تێربوون دەكات.

هاوكات ئاماژە بەوەش دراوە، سوودێكی تری نیسك ئەوەیە كە هۆكارە بۆ دابەزاندنی كێش، لەگەڵیدا دەوڵەمەندە بە كاربۆهیدرات، بەوەیش كاریگەریی هەیە بۆ سووتاندنی زۆرترین چەوری و كۆلیسترۆڵیش دادەبەزێنێ.

پێگەكە ئەوەشی نووسیوە كە نیسك دەتوانێ جێی گۆشت بگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو گۆشتانەی كەمترین چەورییان تێدایە. هاوكات سوودی بۆ دەمارەكانی دڵ هەیە. دواتریش چەندان ڤیتامین لە نیسكدا هەن كە بۆ جەستەی مرۆڤ گرنگ و پێویستن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د